“بەرەی نوسڕە” دەروازەی نێوان عەفرین و ئیدلیب دادەخات

گوندەواری باکووری حەڵەب – نۆرس پرێس

پاشنیوەڕۆی دوێنێ شەممە، دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) دەروازەی غەزاویە و دێربلوتی لە گوندەواری باکووری رۆژئاوای حەڵەب داخست، کە عەفرین و ئیدلیب بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەویش بەبیانووی “رێگریکردن لە هەڵاتنی داواکراوان بە تۆمەتی ئەمنی”.

سەرچاوەیەکی ناوخۆیی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، چەکدارانی ئەمنی دەروازەکانی سەر بە بەرەی نوسرە، کاتژمێر 5:00ی پاشنیوەڕۆی دوێنێ دەروازەکانی دێر بلووت و غەزاوییان، تا ئاگادارکردنەوەی تر داخستووە، بە بیانووی رێگریکردن لە هەڵاتنی داواکراوان بەرەو عەفرین، کە تۆمەتی ئەمنییان دراوەتە پاڵ.

ئاماژەیان بەوەشکرد، داخستنی دەروازەکان قەرەباڵغییەکی زۆری ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکانی لە ناوچەکەدا لێکەوتوەتەوە.

“بەرەی نوسرە” رێوشوێنە ئەمنییەکانی خۆی زیادکردووە بۆ گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی کە “بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی داواکراون”، بە زیادکردنی ژمارەی بازگەکان و ئەنجامدانی دەستگیرکردن و داخستنی دەروازەکان.

ئێوارەی رۆژی شەممە، دەزگای ئەمنی گشتیی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) ئەندامانی نێوخۆی دەستگیرکرد، کە لەنێویاندا بەرپرسێکی سەربازی هەبوو، بەتۆمەتی هاوکاریکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە شاری ئیدلب و گوندەواری باشووری ئەو شارە.

“نوسرە” بەدوای هێزە ئەمنییەکاندا لەنێو ریزەکانیدا دەگەڕێت و تۆمەتباریان دەکات بەوەی دەستیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا هەیە، تا ئێستا 360یان لێ دەستگیرکرووە، ئەمەش لەکاتێکدایە لە ریزەکانیدا شێواوییەکی تەواو بەدیدەکرێت.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان