نرخی یاریزانی پاریس سانجیرمان کیلیان مباپێ دیاریکرا

هەولێر – نۆرس پرێس

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بێ هیوا بووە له‌ هه‌وڵه‌كانی خۆی بۆ هێشتنه‌وه‌ی كیلیان ئێمباپێ له‌ ریزه‌كانی یانەکە، بۆیه‌ سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لە ئێستادا نرخی كۆتایی بۆ گواستنه‌وه‌ی یاریزانه‌كه‌ی دیاری كردووە.

ئەمڕۆ شەممە رۆژنامەی ماركای ئیسپانی بڵاویکردەوە، دایکی مباپێ،كه‌ بریکاری كوڕه‌كه‌شیه‌تی، ریاڵ مەدریدی لەو نرخە ئاگادارکردووەتەوە، کە پاریس سانجێرمان بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له‌ كوڕه‌كه‌ی دایناوە.

سه‌رچاوه‌كه‌ دووپاتیکردەوە، ریاڵ مەدریدی ئیسپانی ئامادەیە ئه‌م هاوینه‌ مباپێ بباته‌ ریزه‌كانی خۆی، بەڵام به‌ مەرجێک کە ئەو بڕە پارەیەی پاریس داوای ده‌كات کەم بکرێتەوە.

سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له‌ هێرشبه‌ره‌کەی داوای 250 ملیۆن یۆرۆ ده‌كات، بەڵام ریاڵ ئامادەیە تا 225 ملیۆن یۆرۆ بدات.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشکراشیکرد ریال مه‌درید له‌ بابه‌تی ئێمباپێ په‌له‌ی نییه‌ و ده‌ستی به‌ پلانی خۆی گرتووه‌، كه‌ ده‌یه‌وێت هاوینی داهاتوو به‌خۆڕایی بیباته‌ ریزه‌كانییه‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ دڵه‌ڕاوكێی خستووه‌ته‌ ناو یانه‌ی پاریس و ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئه‌م هاوینه‌ یاریزانه‌كه‌ به‌ڕێ بكه‌ن و پاره‌یه‌كی باش وه‌ربگرن، نه‌ك هاوینی داهاتوو به‌خۆڕایی بڕوات.