دادگا کۆتا بڕیاری خۆی لەبارەی دەستگیرکراوانی شاری سەحنەی دەرکرد

هەولێر – نۆرس پرێس

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ لێپێچەری دادگایی شاری سەحنە لەسەر دۆسیەی 71 هاوڵاتی پەیڕەوی ئایینی یاری کە 4 کەسیان ژنن، بڕیاری کۆتایی دەرکردووە، ئەو هاوڵاتیانە ساڵی ڕابردوو لە شاری سەحنە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەپێی بڕیاری کۆتایی لقی یەکەمی لێپێچینەوە و لێکۆڵینەوەی دادگایی گشتی و شۆڕشی شاری سەحنە بە سەرۆکایەتی “مەیسەم شوڕچە”، دۆسیەی دوو هاوڵاتی پەیڕەوی ئایینی یاری بە ناوەکانی سەید ئەمین عەباسی و نەوشاد تاهیری، بە تۆمەتی “پێکهێنانی باند و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی”، بە مەبەستی پێڕاگەیشتن ڕەوانەی دادگا کراوە.

هەروەها دۆسیەی سیاواش حەیاتی، بە تۆمەتی “پێکهێنانی باند و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوخۆیی” و “پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی”، ڕەوانەی دادستانی گشتی و شۆڕشی تاران کراوە.

دوو هاوڵاتی دیکە بە ناوەکانی فەرهاد زولنووری و فەریبورز شائیبراهیمی، بە پڕکردنەوەی بەڵێننامەیەکی نووسراوە و پابەندبوونیان، بڕیاری ڕاگرتنی لێپێچینەوەکانیان دراوە.

بەپێی دواهەمین بڕیاری دادگا، بەڵێننامەیەکی نووسراو لە 34 کەس لەو هاوڵاتیە دەستبەسەرکراوانە وەرگیراوە کە جارێکی تر بەو تۆمەتانەوە دەستبەسەر نەکرێنەوە و هەروەها هاوڵاتیانی دەستبەسەرکراوی دیکە بەری بوون و ئازاد کراون.

جێی ئاماژەیە کە ئەو هاوڵاتیانە لە ڕۆژی هەینی لە ڕێوڕەسمی 21 ساڵەی تیرۆرکردنی سەید خەلیل عەلینژاد، لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون کە دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.