لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا  هەزار و 22 رووداوی ئاگركەوتنەوە لە سەرانسەری تورکیا روویانداوە

هەولێر- نۆرس پرێس

وەزیری كشتوكاڵ و دارستانی توركیا رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا هەزار و 22 رووداوی ئاگركەوتنەوە لە سەرانسەری تورکیا رویانداوە کە بەو هۆیەوە نزیكەی شەش هەزار و 900 هێكتار زەوی زیانی بەركەوتووە و تەنیا لە پێنج هەزار و 800 هێكتاری ئەم رووبەرەدا 18 رووداوی ئاگركەوتنەوە روویداوە. لەو 18 رووداوەشدا 17یان لە رۆژانی 10-18ی تەمووز روویانداوە.

ئیبراهیم یوماكلی وەزیری كشتوكاڵ و دارستانی توركیا، سەردانی کۆنیای كرد و بەشداری لە دروێنەی گەنمی جۆر-1252دا کرد كە لەلایەن پەیمانگەی توێژینەوەی سەر بە وەزارەتەكەی لە ناوچەی باغركورت پەرەی پێدراوە.

لە میانەی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی راوێژكاری ناوچەی پلاندانانی بەرهەمی كشتوكاڵی كە لە بۆرسەی بازرگانی كۆنیا بەڕێوەچوو، باسی لەوە كرد كە ئەم هەفتەیە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لە سەرانسەری وڵاتدا ژمارەی پێوانەیی تۆمار كردووە.