وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی لوبنان ئامادەیی خۆی بۆ چوون بۆ سوریا رادەگەیەنێت
دیمەشق-نۆرس پرێس
عیسام شەرەفەدین، وەزیری کۆچ و کۆچبەران لە حکومەتی کاربەرێکەری لوبنان رایگەیاند، ئامادەیە بچێتە سوریا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆسیەی پەنابەران، بەڵام ئەو پرسە لە دەستی نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبناندایە.
شەرەفەدین گوتی، “دوای ئەوەی عەبدوڵڵا بو حەبیب، وەزیری دەرەوە، دەستی لە سەرۆکایەتی شاندی فەرمی وەزاری بۆ سوریا کێشایەوە، حکومەتی چاودێر داوایکرد کە لە دوایین دانیشتنی کابینەی حکومەتدا ناوی سەرۆکێکی نوێ دەستنیشان بکرێت”.
ئەو پێی وابوو “ئەمە رێگا خۆشدەکات بۆ گەرانەوەی ئاوارەکانی سوریا، بەتایبەتی کە نزیکەی لەسەدا 90ی خاکەکانی سوریا لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدایە و ئەمەش شتێکە کە دەبێت سوپاسی رووسیا بکەین”.
نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، لە میانی وتارەکەیدا لە “کۆنفرانسی رۆما بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆچکردن بەسەر دەریای ناوەراست” هەفتەی رابردوو، پەنابەرە سوریاییەکان بگەرێننەوە بۆ وڵاتەکەیان و رێز لە سەروەری لوبنان بگرن لە بریارەکانیدا.
میقاتی جەختی لەوە کردەوە کە “هەڵوێستی حکومەتی لوبنان سەبارەت بە پرسی پەنابەرانی سوریا لە لوبنان روونە، بەو پێیەی ململانێکان لە سوریا کۆتایی هاتووە”.
راپۆرتە رۆژنامەوانیەکان باسیان لەوە کرد کە حکومەتی لوبنان بەردەوامە لە هەراسانکردنی پەنابەرانی سوریا لەسەر خاکەکەی، بۆ ئەوەی ناوبەناو پاکێجێک لە بریارەکان لە دژی ئەوان دەستپێبکات، لە ژێر رۆشنایی ئەو بارودۆخە سەختەی ژیان کە رووبەرووی سوریاییەکان دەبنەوە لەوێ.
بەپێی دوایین ئاماری فەرمی، ژمارەی پەنابەرانی سوریی لە لوبنان نزیکەی ملیۆنێک و نیوە لەو ژمارەیە، “880 هەزار کەس لە UNHCR ناویان تۆمارکردووە و 400 هەزار کرێکاریش جگە لەوانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو لوبنان”.