“داعش” دەرئەنجامی ئەو هێرشانە ئاشکرادەکات کە هەفتەی رابردوو ئەنجامیداوە
دێرەزوور- نۆرس پرێس
رۆژی هەینی، دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەرئەنجامی ئەو هێرشانەی ئاشکراکرد کە دەڵێت هەفتەی رابردوو لە سوریا و عێراق و بەشێک لە ئەفریقا و ئاسیا ئەنجامیداوە.
رۆژنامەی ئەلکترۆنی ئەلنەبا سەر بە رێکخراوەکە کە لە لیستە تیرۆریستییە جیهانییەکاندا پۆلێنکراوە، بڵاویکردەوە، هەفتەی رابردوو ئەندامەکانی دوو هێرشیان لە سوریا ئەنجامداوە، یەکێک لەو هێرشانە لەو ناوچانە بووە کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵکراون، “هەسەدە”، و ئەوی دیکەش لەو ناوچانەی کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە کۆنترۆڵکرابوون، کە لە ئەنجامدا 11 قوربانی لێکەوتەوە.
رۆژنامەکەی رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەندامەکانی سوپای عێراقیان لە کەرکوک و سەڵاحەدین کردۆتە ئامانج و لە ئەنجامدا چوار قوربانی و تێکشکاندنی ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی رۆژنامەکە، لە رۆژئاوای ئەفریقا، رێکخراوە توندرەوەکە پێنج کەسی کوشت و بریندار کرد، هەروەها لە ناوەراستی ئەفریقاش هێرشێکی بڵاوکردەوە کە لە ئەنجامدا سێ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
هەروەها باسی لە دوو ئۆپەراسیۆنی هەردوو وڵاتی پاکستان و سۆماڵ کرد کە لە ئەنجامدا دوو کەس لە هەر وڵاتێکدا گیانیان لەدەستداوە.