ئەمەریکا تانکی ئەبرمز بە ئۆکرانیا دەدات

هەولێر- نۆرس پرێس

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئاشکرایکردووە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە تاوەکو مانگی9ی داهاتوو تانکەکانی ئەبرامزی ئەمریکی دەگەنە بەرەکانی شەڕ لە ئۆکرانیا.

ماڵپەڕی پۆلیتیکۆ بڵاویکردەوە، تانکەکانی ئەبرامزی ئەمریکی لە مانگی ئەیلولدا دەگەنە ئۆکرانیا، لەکاتێکدا هێزەکانی ئۆکرانیا فشار دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو خاکەی کە لەدەستی هێزەکانی ڕوسیادایە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، پلانەکە ئەوەیە لە مانگی 8 ئاب چەند تانکێکی ئەبرامز ڕەوانەی ئەڵمانیا بکرێت و لەوێش نۆژەنکردنەوەی کۆتاییان بۆ ئەنجامدەدرێت و هەر کاتێک ئەم پڕۆسەیە تەواو بوو مانگی دواتر وەجبەی یەکەمی تانکی ئەبرامز ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکرێت.

پێشتر بەرپرسانی پنتاگۆن ڕایانگەیاندبوو، کە تانکی ئەبرامز لە پاییزدا لە دەستی ئۆکرانیادا دەبێت، کۆی گشتی تانکەکانیش کە واشنتن دەینێرێت 31 تانکە.

پێش ئەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا دەست بە کارپێکردنی تانکەکان بکەن، دەبێت خولێکی مەشق و ڕاهێنان تەواو بکەن کە نزیکەی 10 هەفتە دەخایەنێت.

بەگوێرەی ماڵپەڕی پۆلیتیکۆ، ئەمریکا تانکی کۆنتری M1A1 Abrams لەبری M1A2ی مۆدێرنتر دەنێرێت، کە ساڵێک دەخایەنێت تا دەگاتە ئۆکرانیا.

ئیدارەی بایدن ڕایگەیاندووە، دەیەوێت بە خێرایی چەکی زیاتر بگەیەنرێتە ئۆکرانیا، بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لە هێرشی بەرپەرچدانەوە و بەهێزکردنی بەرگرییە درێژخایەنەکانی ئەو وڵاتە.