بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە ناوچەی سەیدە زەینەبی دیمەشق  کوژراو و بریندار هەن

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، تەقینەوەیەک لە ناوچەی سەیدە زەینەب لە گوندەواری باشووری دیمەشقی پایتەختی سوریا روویدا و وەزارەتیناوخۆی سوریا رایگەیاند، پێنج کەس کوژراون و 21ی دیکەش برینداربوون.

سەرچاوە خۆجێییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، “تەقینەوەیەک لە بەردەم هۆتێلێک لە ناوچەی سەیدە زەینەب، لە گوندەواری باشووری دیمەشق روویداوە و لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە”.

وەزارەتی ناوخۆی سوریا، لە راگەیانراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، “پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی 21ی دیکەش برینداربوون، لەئەنجامی بۆردومانێکی تیرۆریستی لە شارۆچکەی سەیدە زەینەب لە گوندەواری دیمەشق، لە شەقامی کوع ئەلسودان.”

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەقینەوەکە بەهۆی ماتۆڕسکیلێکەوە بووە لە نزیک تاکسییەکی گواستنەوەی گشتی جۆری ساب.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی حکومەت شوێنی تەقینەوەکەیان گەمارۆداوە، لەکاتێکدا تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن دەزگاکانی حکومەتەوە لەسەر رووداوەکە دەرنەچووە.

ئاماژەشیان بەوەش کرد کە راستەوخۆ دوای روودانی تەقینەوەکە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و بەرگری شارستانی و ئامبولانسەکانی حکومەتی سوریا بەپەلە گەشتوونەتە شوێنی تەقینەوەکە، چەندین دەزگای میدیایی باسی تەقینەوەیەکی دیکەی دوای تەقینەوەی یەکەم دەکەن، بەبێ ئەوەی پشتڕاستی بکەنەوە کە تەقینەوەکەی تر لە کوێ و چۆن روویداوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی