پرۆژەیاسەیەکی ئەمریکی بۆ رێگری لە بەخشینی دیمەشق لە سزاکان

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەندامە کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەش کرد بۆ قەدەغەکردنی درێژکردنەوەی “بەخشین لە سزاکان”ی پەیوەست بە بوومەلەرزەکانی سوریاوە، بەو پێیەی کە ئەمە سزاکان تێکدەدات و دەسەڵاتی “ئەسەد و هاوکارەکانی” بەهێزدەکات.

مایکل مەککۆل، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و جۆ ویلسۆن، سەرۆکی لیژنەی لاوەکی ئاسیای ناوەڕاست و جیم بێرد، نوێنەری ئەمریکی، هەموویان یاسایەکیان خستۆتە روو کە ئیدارەی بایدن، درێژکردنەوە یان دووبارە دەرکردنی مۆڵەتی گشتی سوریا قەدەغە دەکات.

لە 9ی شوباتی 2023، لە بەرامبەر بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی سوریا و تورکیا، ئیدارەی بایدن مۆڵەتی گشتی سوریای دەرکرد، کە رێژەیەکی بەرفراوان لە مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ رژێمی ئەسەد بۆ ماوەی 180 رۆژ لە سزاکان بەخشیوە.

هەر ئەو پەرلەمانتارانە، چەند رۆژێک پێش ئێستا نامەیەکیان بۆ بایدن نارد و داوایان لێکرد کۆتایی بە درێژکردنەوەی ئەگەری لێخۆشبوونی سزاکان بۆ دیمەشق بهێنێت.

مایکل مەککۆل، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە گوتەیەکدا پرۆژەیاساکەی راگەیاند و گوتی، “بەشار ئەسەد تاوانبارێکی جەنگە و تا ئێستا لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەکراوە لەسەر تاوانەکانی بەرامبەر گەلی سوریا، بەڵام تادێت لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پێشوازی لێدەکرێت، بەتایبەتی لەلایەن حکومەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە”.

لە راگەیەندراوەکەدا لە زاری مەککۆل و هاوکارەکانیەوە هاتووە، “درێژکردنەوەی مۆڵەتی گشتی، دەبێتە هۆی تێکدانی سزاکانمان لەسەر سوریا و پەیامێک دەنێرێت کە ئەمریکا ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئەسەد قبوڵ دەکات”.

هەر لەبەر ئەوەشە کە ئەم پڕۆژە یاسایە بۆ رێگریکردن لە درێژکردنەوەی ئەو مۆڵەتە فراوانە دەخرێتەڕوو، بەتایبەتی کە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر سوریا لە ئێستادا “جیاکردنەوەی حاڵەتی مرۆیی” لەخۆدەگرێت، بەپێی راگەێنراوەکە.

ئەو سێ جێگرە پێیان وایە کە “رژێمی ئەسەد” راستەوخۆ سوودی لە مۆڵەتی گشتی  وەرگرتووە لە هەمان کاتدا رەتیکردووەتەوە هاوکاری ئەو ناوچانە بکات کە زۆرترین زیانی بوومەلەرزەیان لێکەوتووەتەوە.

ئەوان جەختیان لەسەر پێویستی ئیدارەی بایدن کردەوە، ئەو مۆڵەتە فراوانە نوێ نەکاتەوە کە “رێگە بە ئەسەد دەدات قازانج بکات لە هەمان کاتدا بەردەوام بێت لە هێرشەکەی بۆ سەر گەلی سوریا.”

بڕیارە لە 8ی ئابی ئەمساڵدا، مۆڵەتی گشتی کۆتایی پێبێت، یاسادانەران دەڵێن هەر هەوڵێک بۆ درێژکردنەوە یان دەرکردنەوەی مۆڵەتەکە “پەیامێکی هەڵە دەنێرێت بۆ هاوبەش و هاوپەیمانان کە هەوڵی ئاساییکردنەوەی ئەسەد دەدەن و هەڕەشە دەبێت بۆ تێکدانی کاریگەرییەکانی سزاکان لە سەر ئەو رژێمە”.

بە گوتەی جێگرەکان، ئەم رێگەپێدانە وایکردووە کە ئەکتەرەکان (ئەسەد و پشتیوانە رووسی و ئێرانییەکانی) کارەساتی بوومەلەرزە بەکاربهێنن بە مەبەستی “بەدەستهێنانی دەستکەوتی کەسی و سیاسی، لەسەر حیسابی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر