دیمهشق – نۆرس پرێس
سەرچاوە ناوخۆییەکان لە دیمەشق رایانگەیاند، نرخی شەکر لە چەند رۆژی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، نرخی 10 کیلۆ شەکر یەکسانە بە مووچەی یەک مانگی فەرمانبەران.
ئاماژەیان بەوەشکرد، بەهۆی ئەو بارودۆخە ئابوورییە سەختەی کە دیمەشقی پایتەخت پێیدا تێدەپەرێت، نرخی سەرجەم کاڵا سەرەتاییەکان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاویان بەخۆیەوە بینیووە.
سەرچاوەکانی هەواڵ دەڵێن، نرخی یەک کیلۆ شەکر 14 هەزار و 500 لیرەی سورییە، لە کاتێکدا تێکرای مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت سوریا نزیکەی 120 هەزار لیرەیە، واتە نرخی 10 کیلۆ شەکر لە مووچەی زۆرێک لە فەرمانبەران زیاترە.
بەپێ قسەی سەرچاوەکان، دانیشتوانی پایتەخت ناتوانن بە ئاسایی شەکر لە نێو بازارەکان بەدەستبهێنن، بەتایبەتی چینی فەرمانبەران کە پشت بە مووچەی مانگانەیان دەبەستن.
نرخی زۆرێک لە ماددە خۆراکیەکان و بەرهەمە سەرەتاییەکان رۆژ بە رۆژ بەرزبوونەوەیەکی بێ وێنەی بەخۆیانەوە دەبینن، ئەمەش دەبێتە ئاڵەنگارییەکی نوێ لە بەردەم حکومەتی دیمەشق، لە کاتێکدا کە بەهایی لیرەی سوریا بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە دابەزینی بەردەوامدایە.