رووسیا باس لە فڕینێکی “مەترسیدار”ی درۆنێکی ئەمریکی دەکات لە نزیک فڕۆکەجەنگییەکانیان لە سوریا

قامشلۆ – نۆرس پرێس

مۆسکۆ رایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، بە شێوەیەکی “مەترسیدار” نزیکبوونەتەوە لە فڕۆکە شەڕکەرەکانی (Su-35 و Su-34)ی رووسی لە ناوچەی باب لە باکووری سوریا.

ئۆلێگ گۆرینۆڤ جێگری سەرۆکی سەنتەری ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا رایگەیاند، فڕۆکەوانەکانی رووسیا بەرکەوتنیان بە سیستەمی رێنمایی چەک لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکی MQ-9 Reaper ەوە تۆمارکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی کارپێکردنی ئۆتۆماتیکی سیستەمی بەرگری ئاسمانی و تەقەکردن لە ئامانجە گەرمییە ساختەکان.

بانگەشەی رووسیا بەو رووداوە کە دوێنێ چوارشەممە روویدا، دوای دوو رۆژ دێت لە روبەڕوبوونەوەی “فڕینی مەترسیداری فڕۆکە رووسییەکان” لە لایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکاوە، رۆژی یەکشەممەی رابردوو، بەگوێرەی هێزی ئاسمانی ئەمریکا.

جگە لەوەش ناوەندی رووسیا (حمێمیم)ی سەر بە وەزارەتی بەرگری، دوێنێ چوارشەممە، بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هاوپەیمانی 12 جار سەلامەتی فڕینیان لە سوریا پێشێل کردووە.

ئەمریکا و رووسیا یەکتر بە پێشێلکاری مەترسیداری ئاسمانی سوریا تۆمەتبار دەکەن، کە لەماوەی مانگی تەمموزدا بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.

زۆر لێکدانەوە هەبوو سەبارەت بەوەی کە چی بووەتەهۆی زیادبوونی ئەگەری لێکخشان و ئاڵۆزی سەربازی لە نێوان واشنتۆن و مۆسکۆدا، کە لەگەڵ تاران “هەماهەنگی” دەکات، سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئەمریکا کە ئەمە دەبێتە هۆی تێکدانی هەوڵە جەنگییەکانی دژی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”.

گۆرینۆڤ رەتیکردەوە لایەنی ئەمریکی لە میدیاکاندا “تۆمەتی بێ بنەما”ی سەبارەت بە “فڕینی مەترسیدار” لە نزیک فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا بڵاوکردبێتەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر