برینداربوونی ژنێک بە گولـلەی وێڵ بەهۆی تەقەی خۆشییەوە لە حەسەکە
حەسەکە – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە گوندەواری شەدادی لە باشووری حەسەکە، رۆژئاوای کوردستان، ژنێکی چل ساڵان بەهۆی گولـلەی وێڵەوە، کە بۆ ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی دەرچوونی دەرئەنجامەکانی خوێندنی بنەڕەتیەوە تەقێندرابوو، بریندار بوو.
کاتژمێر هەشتی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، وەزارەتی پەروەردە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی (نۆیەم)ی بنەڕەتی بڵاوکردەوە، بەمبۆنەوە شارەکانی قامشلۆ و حەسەکە تەقەکردنی خۆشیان بەخۆوە بینی لە ئاهەنگێکدا کە لەلایەن دایک و باوکانەوە بۆ سەرکەوتنی منداڵەکانیان سازکرابوو، ئەمەش ناڕەزایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لیکەوتەوە.
نەوشیروان سەللوم (34 ساڵ)، خەڵکی گوندی حەریری سەر بە گوندەواری شەدادییە، بەهۆی فیشەکەوە لە بڕبڕەی پشتیدا بریندار بوو، دواتر گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی حیکمە لە شاری حەسەکە، بەگوێرەی گوتەی هاوسەرەکەی، کە بە نۆرس پرێسی راگەیاندبوو.
ئەلسەڵوم، ئاماژەی بەوەشکرد، نەشتەرگەرییان بۆ هاوسەرەکەی ئەنجامدراوە و فیشەکەکە دەرهێنراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە باری تەندروستی “جێگیرە”، بەپێی ئەوەی پزیشکانی نەخۆشخانەکە رایانگەیاندووە.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاساییش) لە کاتی ئاهەنگ و بۆنە و ئاهەنگەکانی سەری ساڵدا بەبێ جیاوازی، تەقەکردنیان قەدەغە کردووە، بەڵام دانیشتووان پابەندی قەدەغەکردنەکە نین و ئەم دیاردەیە چەندین جار بووەتە هۆی برینداربوونی خەڵک و کەسانی دیکەش گیانیان لەدەستداوە.