بەڕێوبەری خۆسەری مووچەی کارمەندان بە دۆلار جێگیر دەکات

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆی پێنجشەممە، سەرچاوەیەک لە دەسەڵاتی دارایی بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستانەوە رایگەیاند، خۆسەری بەنیازە مووچەی کارمەندان بە دۆلاری ئەمریکی بدات.

لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا نرخی دۆلار لە 9 هەزارەوە بەرزبووەتەوە و بەربەستی 13 هەزار لیرەی سوری تێپەڕاندووە، ئەمەش داڕمانێکی مێژوویی بەهای لیرەی سورییە، هەروەها نرخی سووتەمەنیش لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بەرزبووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی خزمەتگوزارییەکان و کاڵا خۆراکیەکان.

ئەو سەرچاوەیە کە پێی باشبوو ناوی ئاشکرا نەکرێت، ئاشکرای کرد کە بڕیارە مووچەی فەرمانبەران بە لیرەی سوری بدرێت، بەڵام بە دۆلاری ئەمریکی جێگیر دەکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە کەمترین مووچە 80 دۆلار دەبێت.

باسی لەوەشکرد، پێشتر بەڕێوبەری خۆسەری موچەی بە لیرە دەدا بە کارمەندەکانی، کە بەرامبەر بوو بە 80 دۆلار، بەڵام دابەزینی ئەم دواییەی بەهای لیرە، بووە هۆی هەڵاوسانی دراو و دابەزینی مووچە بۆ هاوتای 40 دۆلار، بۆیە ئاڵوگۆڕی مووچە بە بەهای 80 دۆلار جێگیرکرا، بەپێی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بە لیرەی سوری، واتە دۆلار بە هەرچەندێک بێت، ئەمان بەرامبەری 80 دۆلار بە لیرەی سوری دەدەن بە کارمەندەکان.

دوێنێ چوارشەممە، ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوبەری خۆسەری لە رەققە کۆبووەوە، لەو کۆبوونەوەدا باسیان لە کاردانەوەی لەدەستدانی بەهای لیرەی سوری کردووە و سەرچاوەکەش دووپاتیکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن لەسەر جێگیرکردنی مووچە بە دۆلار کراوە.

گوتیشی، فەرمانگەی نەختێنە و پارەدان، نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی بەڕێوبەری خۆسەری جێگیر دەکات.

بە ئاماژەدان بەوەی کە بڕیارەکە “بەم زووانە” دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: زانا ئەلعەلی