هەولێر- نۆرس پرێس
پارێزگاری بانکی ناوەندی راگەیاندووە، بانکی ناوەندی بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی دۆلار بەنرخی فەرمی، هاوکات هۆکاری بەرزبونەوەی نرخی دۆلاری گەڕاندووەتەوە بۆ دوو دڵی بەشێک لە بازرگانان کە بەشداری سەکۆی ئەلیکترۆنیان نەکردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی هۆکارەکانی ناسەقامگیری دۆلاری خستوەتەڕوو و دەڵێت، دەبێت پلەیەکی بەرزی پابەندی سیستمی بانکیی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنین، بەڵام کۆمپانیایەکی نیودەوڵەتی بە تەواوی پشکنین بۆ جووڵەی دراو لە عێراقدا دەکات.
پارێزگاری بانکی ناوەندی گۆتی، هەندێ حزب سوودمەندن لەوەی دۆلار لە بازاڕدا بکێشنەوە و خەڵک لەو بازرگانییە تێوەبگلێنن، هاوکات ئەو ناسەقامگیرییەی هەیە بە هۆی ئەوەیە خەڵکانێک نایانەوێت بێنە ناو سەکۆی ئەلیکترۆنی.
بە پێی وتەی پارێزگاری بانکی ناوەندی، ئەوان رۆژانە 155 ملیۆن دۆلار دەخەنە بازاڕەوە، هۆکاری ئەو ناسەقامگیرییەی دۆلاریش هەر ئەوەیە خەڵکانێک نایانەوێت بە شێوەی یاسایی دۆلار وەربگرن.
حکومەت رەزامەندی داوە لەسەر کەمکردنەوەی باج لەسەر بەدەستهێنانی دۆلار، سزای ئەو 14 بانکە دراوە لە سەردەمی حکومەتی ئێستا نەبووە، هاوکات سیستمی پارەدان بە مۆبایل سەرکەوتوو بووە، ئەمەش بە وتەی عەلی عەلاق.
بانکی ناوەندی دەڵێت، مامەڵەی رێکخستنی پێدانی باجی غازی ئێران لە نێوان عێراق، ئێران و ئەمریکا بەردەوامە.
بانکی ناوەندی ئەوەی خستووەتەڕوو، قەبارەی قەرزی ناوخۆیی عێراق گەیشتووەتە 65 ترلیۆن دینار و ئەوانەشی دەرەوەی عێراق گەیشتووەتە 20 ملیار دینار، هاوکات یەدەگی عێراق 113 ملیار دۆلارە.
ماوەی هەفتەیەکە نرخی دۆلار ناسەقامگیریی زۆری دروستکردووە، بە جۆرێک ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی 100 دۆلار گەیشتە 158 هەزار دینار