دژ به ده‌ستدرێژییه‌كانی توركیا، خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری به‌ڕێوه‌چو
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، دانیشتوانی قامشلۆ ئیدانه‌ی بێده‌نگی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی گه‌ره‌نتیكه‌ری رێكه‌وتنه‌كانی ئاگربڕیان كرد به‌رامبه‌ر به ده‌ستدرێژییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر هاوڵاتیانی سیڤیل له رۆژئاوای كوردستان.
ئه‌مڕۆ له مه‌راسیمی به خاكسپاردنی شه‌هید “محێدین ئیبراهیم” شه‌ڕڤانی به‌رگری خۆسه‌ر له مه‌زاری شه‌هید “ده‌لیل ساروخان” هه‌زاره‌ها كه‌س له دانیشتوانی قامشلۆ به‌شدارییان كرد.
ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه، درۆنێكی توركیا ژماره‌یه‌ك شه‌ڕڤانی به‌رگری خۆسه‌ری له نزیك نه‌خۆشخانه‌ی كۆڤید له قامشلۆ به ئامانجگرت و چوار شه‌ڕڤان گیانیان له ده‌ستداو سیانی تریش برینداربون.
ئیسماعیل فه‌رحان، كه ئاواره‌ی سه‌رێ كانی-یه، بۆ نۆرس پرێس وتی، ده‌یانه‌وێت ده‌نگیان به كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بگه‌یه‌نن كه بێده‌نگی به‌رامبه‌ر به هێرشه‌كانی توركیا هه‌ڵبژاردوه.
هاوكات نیگه‌رانی خۆی نیشاندا له‌به‌رامبه‌ر گرژییه‌كانی توركیا كه ژماره‌یه‌كی زۆر هاوڵاتیانی سیڤیلی كردوه به قوربانی وتی “سه‌رباری ئه‌و هه‌مو به‌ڵێنه‌ی بۆ وه‌ستاندنی هێرشه‌كان دران.. روبه‌ڕوی ناپاكی ده‌بینه‌وه.. به‌سه به‌سه به‌سه.”
ماوه‌ی سێ رۆژه به چڕی له‌لایه‌ن توركیاوه گونده هاوسنورییه‌كان تۆپباران ده‌كرێن و به درۆن-یش بۆردومانی ئامانجه سه‌ربازی و سیڤیله‌كان ده‌كرێن.
12 هاوڵاتی تری سیڤیل دوێنێ سێشه‌ممه به برینی جۆراوجۆر به‌هۆی تۆپبارانی توركیاوه بۆ سه‌ر گوند‌و گه‌ڕه‌كه‌كانی قامشلۆ برینداربون.
عه‌بدولكه‌ریم ره‌خنه‌ی توندی ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد‌و داوایكرد به‌رپرسیارییه‌تی هه‌ڵبگرن.
ئه‌وه‌شی وت، “ئه‌گه‌ر به‌ڵێنه‌كانی خۆیان نابه‌نه سه‌ر، با ناوچه‌كه جێبهێڵن.. خۆمان به‌رگری له خۆمان ده‌كه‌ین.”
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ درۆنێكی توركیا، ئۆتۆمۆبێلێكی سیڤیلی له‌سه‌ر رێگای مه‌لا سه‌بات له گونده‌واری قامشلۆ به ئامانجگرت كه دو شه‌ڕڤانی تێدابو و پاش كۆتاییهاتنی مۆڵه‌تیان، بۆ سه‌ر كاری فه‌رمی خۆیان گه‌ڕابونه‌وه.
رۆژی شه‌ممه‌ی رابوردوش، درۆنێكی توركی ئۆتۆمۆبێلێكی له ناوچه‌ی پیشه‌سازی شاری قامشلۆ به ئامانجگرت و پێنج كه‌س گیانیان له ده‌ستدا كه دوانیان منداڵ بو.