هێزە عێراقییەکان دەستگیرکردنی 3 تیرورستی داعشی ڕاگەیاند

هەولێر – نۆرس پرێس

رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، هێزە عێراقییەکان سێ ئەندامی ڕێکخراوی تیرورستی داعشیان لە پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە دەستگیرکرد.

هەواڵگری عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گواستووەتەوە ڕایگەیاندووە، مەفرەزەکانی دەزگای هەواڵگری تایبەتمەند لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر توانیویانە سێ داواکراو دەستگیربکەن بەپێی بڕگەکانی مادەی چوارەمی یاسای تیرۆر.

ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی دەستگیرکردنەکە لەڕێگەی بۆسەیەکی وردەوە ئەنجامدراوە کە بریتی بووە لە ڕاکێشانی داواکراوان و دواتر دەستگیرکردنیان.

باسی ئەوەشکرا، کە تۆمەتبارەکان دانیان بەوەدا ناوە کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە، هەروەها ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ ئەوەی بەپێی یاسا سزا بدەن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: سەعەد یازچی