هەولێر- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، لە ماوەی مانگی شەشی ئەمساڵدا، دادگا مەدەنییەكانی عێراق زیاتر لە 25 هەزار گرێبەستی هاوسەرگیری و نزیكەی شەش هەزار حاڵەتی جیابونەوەیان تۆماركردووە.
ئاشکراشی دەکەن، 25 هەزار و 687 گرێبەستی هاوسەرگیری لەناو دادگا و لەدەرەوەی دادگاكان تۆماركراون، هەروەها پێنج هەزار و 880 گرێبەستی هاوسەرگیریش هەڵوەشێندراونەتەوە و پەسەندكراون، ئەمەش بەگوێرەی ئامارێكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق.
زۆرترین رێژەی جیابونەوە لە بەشی رەسافەی بەغدا كە هەزار و 118 حاڵەت بووە کە تۆماركراون، لەدوای ئەویش بەشی كەرخی بەغدا بە هەزار و 43 حاڵەت و پاشانیش بەسڕە دێت كە 651 حاڵەتی جیابونەوە لەو پارێزگایە تۆماركراون.
هەر بەگوێرەی ئامارەكەی ئەنجومەنی دادوەری، لەبەشی رەسافەی بەغدا زۆرترین گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجامدراون كە چوار هەزار و 209 حاڵەت بوون، پاشانیش بەشی كەرخی بەغدا دێت كە دو هەزار و 882 گرێبەست واژۆكراون لەدوای ئەویش نەینەوا بە تۆماركردنی دوو هەزار و 372 گرێبەستی هاوسەرگیری لەپلەی سێیەمدایە.