لە پارێزگەی حەلەبی سوریا قەیرانی بەنزین سەریهەڵدا

حەلەب-نۆرس پرێس

سەرچاوەیەکی تایبەت لە کۆمپانیای سووتەمەنی لە پارێزگای حەلەب، ئەمرۆ چوارشەممە 26/7/2023، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بریاری کەمکردنەوەی بڕی بەنزین بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەنزینی نێو بەنزینخانەکانی شار، هەر ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، بەرزبوونەوی نرخی بەنزین پەیوەندی بەو بریارەوە هەیە، کە پشکی ئۆتۆمبیلە تایبەتەکان لە بەنزینی جۆری ئۆکتان 95 کەمیکردووە.

پێشتر بەگوێرەی بریاری حکومەت، ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ هەر دوو رۆژ، بری 30 لیتر بەنزینی بە نرخی 8600 لیرەی سوری وەردەگرت.

بەلام 17ی ئەم مانگە وەزارەتی نەوت، پرکردنەوەی بەنزینی کرد بە سیستەمی کارت، هەر ئۆتۆمبێلێک بۆی هەیە لە مانگێکدا 1200 لیتر بەنزین وەرگرێت، واتە رۆژانە مافی وەگرتنی 40 لیتر هەیە، ئەمەش وایکرد بەنزین لە نێو بەنزینخانەکان کەمببێتەوە و نرخی بۆ 12 هەزار لیرە بەرزببێتەوە.

دواتر وەزارەتی نەوت دووبارە بریارەکەی گۆڕی، بە جۆرێک بۆ هەر ئۆتۆمبیلێکی تایبەت دەتوانێت مانگانە 600 لیتر بەنزین وەرگرێت، واتە رۆژانە 20 لیتر بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک، ئەم هەنگاوی وەزارەتی نەوت، کێشەی کەمی بەنزین قوڵترکرد، و نرخی بەنزین بۆ 15 هەزار لیرە بەرزبووە.