ئەنفلۆنزای باڵندە بۆ پشیلە دەگوازرێتەوە .. دەسەڵاتدارانی کۆریای باشوور هۆشداریدەدەن
هەولێر – نۆرس پرێس
دەسەڵاتداران لە کۆریای باشوور پەناگەیەکی پشیلەیان لە سیئۆلی پایتەخت خستە ژێر کەرەنتینە، دوای ئەوەی دەرکەوت دوو پشیلە تووشی جۆری (H.5.N.1) ئەنفلۆنزا بوون.
وەزارەتی کشتوکاڵی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، “هیچ حاڵەتێکی ئەم نەخۆشییە زۆر درمییە لە مرۆڤدا” لەو وڵاتەدا دەستنیشاننەکراوە.
لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند،کە ئەمە یەکەمجارە لە ساڵی 2016ەوە کە ئەنفلۆنزای باڵندە لە پشیلەیەکدا لە وڵاتەکەدا دەستنیشانبکرێت.
ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپ بڵاویکردەوە، ئەو دوو پشیلەیە کە پشکنینی ڤایرۆسییان پۆزەتیڤ بووە، لەنێو 38 پشیلەدا بوون کە بەم دواییە لە پەناگە گیانیانلەدەستداوە.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، مەترسییەکانی ئەم جۆرە ڤایرۆسە بۆ سەر مرۆڤ تا ئێستا کەمن، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات کە ڕاپۆرتەکانی تووشبوون لەنێو شیردەرەکاندا پێویستە “بە وردی چاودێری بکرێن”.
سێ دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان لەم مانگەدا هۆشدارییان دا لەوەی بەردەوامی زیادبوونی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە لەسەر ئاستی جیهان نیگەرانییەکان دروست دەکات کە ڤایرۆسەکە ڕەنگە خۆی بگونجێنێت بۆ ئەوەی بە ئاسانی مرۆڤ تووش بکات، هەروەها داوای لە وڵاتان کرد چاودێری نەخۆشیەکان بەهێزتر بکەن و پاکوخاوێنی لە کێڵگە پەلەوەرییەکان باشتر بکەن.