بەلجیکا شەش کەسی بە تاوانی هێرشە “تیرۆریستییەکەی” برۆکسل لە ساڵی 2016 تاوانبارکرد
دیمەشق – نۆرس پرێس
دادگای برۆکسل لە کۆی 10 تۆمەتبار، شەش تۆمەتبار بە تاوانی “کوشتنی تیرۆریستی” لە هێرشەکانی ساڵی 2016ی برۆکسل، تاوانبار کرد.
ئەو شەش کەسەی کە بە تاوانی کوشتنی تیرۆریستی سزا دراون، بەپێی بریاری دادگای برۆکسل، بریتین لە: “محەمەد عەبرینی، ئوسامە عەتار، ئوسامە کەریم، سەلاح عەبدولسەلام، عەلی حەداد عاسۆفی، و بیلال موخۆخی”.
دادگا بریاریدا کە “پاڵنەرێکی تیرۆریستی” لە پشت هێرشەکانەوە هەیە و بریاریدا کە مەبەستی گروپەکە تیرۆرکردنی دانیشتوانی بەلجیکا و کوشتنی زۆرترین کەس بووە.
پرۆسەی دادگاییکردنەوە ساڵی رابردوو دەستیپێکرد، دادگە لێکۆلینەوەی لەو دەکرد، کە ئایا ئەو 10 کەسان رۆڵیان هەبووە لە تەقینەوە خۆکوژەکەی 22ی ئازاری 2016 کە بووە هۆی دەیان کەس کوژران و نزیکی 300 کەس برینداربوون.
ئەو کاتە داعش، بەرپرسیارێتی هێرشە و تەقینەوەکانی فرۆکەخانەی برۆکسل و وێستگەیەکی میترۆی ئەو شارەی لە ئەستۆ گرت.
لە ساڵی 2022دا عەبدوسەلام تاوانبارکرا بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی کوشندە بە دەمانچە و بۆمب لە پاریس لە ساڵی 2015دا.
عەبدوسەلام، یەکێک بوو لە ئەنجامدەرانی هێرشەکانیان لە پاریس، و بەزیندووی دەستگیرکرا، دواتر لەلایەن دادگای فەرەنساوە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.
هاوکات، ئوسامە ئاتار کە لە پرۆسەی دادگاییکردنی لە برۆکسل ئامادە نەبووە، حکومی غیابی لەسەر درا، پێشبینیدەکرێت لە سوریا کوژرابێت.
کاتێک هێرشەکان لە ساڵی 2016 لە برۆکسل روویاندا، بەلجیکا جێگەی سەرنجی بەرپرسانی “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” بوو، بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی چەکدارانی بەلجیکی کە گەشتیان کردبوو بۆ پەیوەندیکردن بە داعش و گروپە چەکدارەکانی دیکە لە سوریا و عێراق.