تەندروستی جیهانی: لە ماوەی دەیەی رابردوودا 2.5 ملیۆن و کەس بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستداوە

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، بە بۆنەی “رۆژی جیهانی خۆپاراستن لە خنکان”ەوە، کە دەکەوێتە 25ی تەمووزی هەموو ساڵێکەوە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئامارێکی خنکانی لە ئاستی جیهانیدا، لە ماوەی دەیەی رابردوودا بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی ئامارەکە، لە 10 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 2.5 ملیۆن و کەس بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستداوە، کە 90%یان هاوڵاتیانی وڵاتانی کەم داهات و داهات مامناوەندن.

بە گوێرەی ئامارەکە، بەرزترین رێژەی خنکان لە نێوان منداڵانی تەمەن 1-4 ساڵدا روویانداوە، دوای ئەمەش منداڵانی تەمەن 5-9 ساڵ دێت.

لە ساڵی 2023دا ئەنجومەنی تەندروستی جیهانی یەکەم بڕیارنامەی خۆی سەبارەت بە خۆپاراستن لە خنکان پەسەند کردووە، بڕیارنامەکە بانگهێشتی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ رێکخراوی تەندروستی جیهانی قبوڵ دەکات بۆ هەماهەنگیکردنی چالاکییەکانی ناو سیستەمی نەتەوەیەکگرتووەکان، سەبارەت بە خۆپاراستن لە خنکان و بەرزراگرتنی “رۆژی جیهانی خۆپاراستن لە خنکان” کە لە 25ی تەمموزی هەموو ساڵێکدا یادی دەکرێتەوە.

رێکخراوی تەندروستی راشیگەیاند، “بۆ یادکردنەوەی رۆژی جیهانی خۆپاراستن لە خنکان لەمساڵدا، رێکخراوەکە بەردەوام دەبێت لە گرنگیدان بە هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەسەر خنکان وەک پرسێکی تەندروستی گشتی، رێکارەکانی خۆپاراستن لێی وەبیر خەڵک دەخاتەوە”.

لە راپۆەرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە وەبەرهێنانی جیهانیی لە چاودێرییکردنی منداڵان و راهێنانیان بۆ مەلەکردن لە ئاستی تەمەنی بەر لە چوون بۆ قوتابخانە و تەمەنی خوێندن دەکرێت ژیانی زیاتر لە 774 هەزار منداڵ رزگار بکات.

ئەوەش هاتووە کە ساڵانە نزیکەی 236 هەزار کەس بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستداوە، تەنها لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس بەهەمان هۆکار گیانیان لەدەستداوە.