دیمەشق و مۆسکۆ دۆسیەی پەنابەران و کشانەوەی تورکیا لە سوریا تاوتوێ دەکەن

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا، لەگەڵ ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نێردەی تایبەتی رووسیا بۆ کاروباری سوریا، گەڕانەوەی پەنابەرانی سوریا و “رەتکردنەوەی تورکیا”یان لە کشانەوە لە خاکی سوریا تاوتوێ کرد.

ئەمەش لەکاتی کۆبوونەوەیەکدا هات کە دوێنێ هەردوولای کۆکردەوە و سەرۆکایەتی سوریاش لەڕێگەی هەژماری خۆیەوە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاند، باسیان لەو هەنگاوانە کردووە کە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان گیراونەتەبەر، هەروەها ئەوەی لەجیهانی عەرەبی و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دەربارەی ئەم دۆسیەیە باسی لێوە دەکرێت.

لە دیدارەکەدا عەلی مەملووک، کە جێگری ئەسەدە بۆ کاروباری ئەمنی و بەڕێوەبەری هەواڵگرییەکەیەتی، وەک یەکەمجار شانبەشانی ئەسەد بەشداری لە کۆبوونەوە فەرمییەکەدا کرد.

هەردولا باسیان لە “رەتکردنەوەی تورکیا” کرد لە پرسی کشانەوەیدا لە خاکی سوریا، هەروەها دۆسیەی هاوکارییە مرۆییە بێسنوورەکان “بۆ هاوڵاتیانی سڤیلی دانیشتووی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رێکخراوە تیرۆریستییەکان” دۆسیەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، “بە گوێرەی رێساکانی سەروەری و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان”.

بەشار ئەسەد لە کۆبوونەوەکەدا گوتی، “ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا قەیرانێکی سیاسی و ئابووری جیهانییان دروستکرد، بە ئامانجی تێکدانی پێگەی رووسیا و بوونە نێودەوڵەتییەکەی و ئۆکرانیایان وەک ئامرازێک بۆ ئەم مەبەستە بەکارهێنا”.

بەپێی ئەوەی سەرۆکایەتی سوریا بڵاویکردەوە، لاڤرێنتیڤ بەردەوامی پاڵپشتی رووسیای بۆ سوریا، هاوکاری نێوان هەردوو وڵاتی بۆ دەستەبەرکردنی “گەڕانەوەیەکی شایستە” بۆ پەنابەرانی سوریا دووپاتکردەوە، جەختی لەوەش کردەوە کە هەردوو وڵات پابەندن بە رەهەندی مرۆیی دۆسیەی پەنابەرانی سوریاوە و بە توندی هەموو هەوڵەکان بۆ بەسیاسیکردن ئەم دۆسیەیە رەتدەکەنەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی