کات و ئامانجی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق ئاشکراکرا
هەولێر – نۆرس پرێس
سەرچاوەیەکی ئاگاداری حکومەتی عێراق ئاشکرای کرد، بەم نزیکانە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق دەکات، بۆ تاوتوێکردنی سێ دۆسیەی گرنگ لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، “ئەمە یەکەم سەردانەی لەوشێوەیە لە ماوەی چەندین ساڵی سەرۆککۆماری تورکیادا، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجامی بدات”.
گوتیشی، “ئەردۆغان لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە”.
ئاژانسە ناوخۆییەکانی عێراق لەزاری هەمان سەرچاوەوە، کە داوایکردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، ئاشکرایانکرد کە “ئامانج لە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا تاوتوێکردنی سێ دۆسیەی گرنگە لەگەڵ سودانی، کە پەیوەندییان بە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە، دۆسیەی ئاو، هەروەها دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراقە لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە”.
لە کاتێکی پێشتری دوێنێدا، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، کە لە میانی دیدارێکی نێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەلی رەزا کۆنای باڵیۆزی تورکیا، سەردانی داهاتووی ئەردۆغان بۆ بەغدای پایتەخت تاوتوێکراوە.
بە گوێرەی راگەینراوی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، “جگە لە تاوتوێکردنی ھاریکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا، پرسی ئاوی ھاوبەش و پلانی دروستکردنی ناوەندێکی ھاوبەش لەسەر سنوورەکانی عێراق-تورکیا خراوەتە بەرباس، ھەروەھا باسیان لە رێکخستنی کۆڕبەندی ئابووریی ھاوبەشی بەغداد و ئەنقەرە لە بەسرە کردووە”.