بەر لە جێهێشتنی پاریس.. مێسی پێشنیارێکی بۆ یانەکە کردووە
ژووری وەرزش – نۆرس پرێس
بەپێی هەواڵێکی رادیۆی مۆنتی کارلۆی فەرەنسی، ، بەر لەوەی لیۆنێڵ مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی پاریس سانجێرمان بەجێبهێڵێت، لە راپۆرتی هەڵسەنگاندنی کۆتا وەرزی یانەکەدا، پێشنیاری بۆ ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان کردووە، کە گرێبەست لەگەڵ هاری کەین، ئەستێرە و کاپتنی یانەی تۆتێنهام بکات.
ئاژانسە فەرەنسییەکە ئاماژەی بەوەداوە، کە لە کۆبوونەوەی نێوان مێسی و سەرۆکی پاریس سانجێرماندا، لیۆ بە ناسڕ خلێفیی گوتووە “بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ، یانەکە پێویستیی بە یاریزانێکە کە بتوانێت یاریی دروستبکات، بۆ ئەوەش ناوی هاری کەینی بۆ یانەکە پێشنیازکردووە.”
بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە، “هاری کەین” زۆر نزیکبووەتەوە لە پەیوەندیکردن بە ریزەکانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، هەرچەند پاریس سانجێرمانیش سەرەتای ئەم هاوینە هەوڵی گواستنەوەی یاریزانەکەی دەدا، بەڵام دوای ئەوە جۆرێک لە کشانەوە بە یانەکەوە دیاربوو و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی ئەگەری چوونی یاریزانەکە بۆ یانە فەرەنسییەکە نییە.