هەولێر – نۆرس پرێس
100رۆژە هێزەکانى عەبدولفەتاح ئەلبورهان و حمێدتیی، کوچە و کۆڵانەکانى خەرتووم و دارفۆریان ئاگرباران کردووە و 10 هەزار کەسیان کردووە بە قوربانی ململانێکانى خۆیان، کە نزیکەى چوار هەزاریان هاوڵاتیین.
لە ناوەڕاستى مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، شەڕى ناوخۆى سودان لەنێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان بەردەوامە، تائێستا کۆى هەوڵەکان بۆ وەستاندنی شەڕەکە بێئەنجامبووە، دۆخەکەش بەجۆرێکە کەس نازانێت کێ براوە و کێ دۆڕاوە.
بەهۆی شەڕەوە 10 هەزار کەس بوونەتە قوربانی و زیانی زیاتر لە 50 ملیار دۆلار بەر ژێرخانی ئابووری وڵاتەکە کەوتووە.
بەگوێرەی ئامارەکانى نەتەوەیەکگرتوەکان، لەم 100 رۆژەدا، سێ ملیۆن کەس لە باشوری خەرتوم و دارفۆر ماڵەکانیان بەجێهێشتووە و لە نێو خێمەدا دەژین، جگە لەو سەدان هەزار کەسەى، ئاوارەى وڵاتان بوون.
70%ى نەخۆشخانەکانی خەرتوم و دارفۆر شوێنى فیشەکیان پێوەیە، بەشێکیان کراون بە سەربازگە و بەشەکەى دیکەشیان، تەنانەت دەرزییەکیشى تێدانییە، ئەمەش دۆخى ئەو هاوڵاتییانەى لە خەرتووم ماونەتەوە خراپتر کردووە.
بەشێک لەو هاوڵاتییانەى بەهۆى شەڕەکەوە ئاوارەبوون، دەڵێن، عەبدولفەتاح ئەلبورهان و حمێدتیی، سودانیان خستووەتە دۆخێکەوە، جاران خەڵک بەدواى ناندا رایدەکرد، ئێستا لەترسى گوللـەى وێڵ خۆى دەشارێتەوە، دیاریش نییە کەى شەڕى نێوان ئەو دووانە کۆتایی پێدێت.