توێژینەوە: گۆڕانی کەشوهەوا و چالاکییەکانی مرۆڤ هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمان
هەولێر – نۆرس پرێس
توێژینەوەیەکی زانستی گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو شەپۆلە گەرمایانەی لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا لە مانگی تەمموزدا سەریهەڵداوە، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و چالاکییەکانی مرۆڤەوە بووە.
گەرمبوونی جیهان بەهۆی سووتانی سووتەمەنی بەردینیەوە ئەگەری کاریگەری شەپۆلی گەرما لەسەر بەشێک لە چین 50 هێندە زیادکردووە.
توێژینەوەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا بەو مانایەیە کە شەپۆلی گەرما لە وڵاتانی باشووری ئەوروپا 2.5 پلەی سەدی گەرمتر بووە.
شارەزایان هۆشدارییان داوە کە نزیکەی هەموو کۆمەڵگاکان ئامادە نین ڕووبەڕووی ئەو گەرمایە کوشندەیە لە ڕادەبەدەر ببنەوە.
سەرپەرشتیارانی لێکۆڵینەوەکە دەڵێن، ئەنجامەکان گرنگی گونجاندنی جیهان لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەردەخەن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە چیتر دیاردەیەکی “دەگمەن” نییە.
جولی ئاریجی لە سەنتەری کەشوهەوای خاچی سوور و مانگی سوور کە یەکێکە لەو تیمانەی سەرپەرشتی توێژینەوەکە دەکەن دەڵێت: گەرما لە کوشندەترین جۆرەکانی کارەساتدایە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە وڵاتان ماڵی بەرگری گەرما و “سەنتەری ساردکردنەوە” دروستبکەن بۆ ئەوەی خەڵک پەنا ببەن، هەروەها ڕێگاکانی ساردکردنەوەی شارەکان بدۆزنەوە، لەنێویاندا چاندنی نەمامی زیاتر.
مانگی تەمموز پلەی گەرمی بەرزی پێوانەیی لە بەشێک لە چین و باشووری ئەمریکا و ئیسپانیا بەخۆیەوە بینی و ملیۆنان کەسیش چەند ڕۆژێکیان لەژێر هۆشدارییەکی زۆردا لە مەترسی گەرمای زۆر بەسەر برد.
شارەزایان دەڵێن، گەرمای زۆر دەتوانێت ببێتە هەڕەشەیەکی زۆر جددی بۆ سەر ژیان، بەتایبەتی لای کەسانی بەساڵاچوو.
توێژینەوەیەک ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە 61 هەزار کەس لە ئەنجامی هۆکارەکانی پەیوەست بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە کاتی شەپۆلی گەرما لە ئەوروپا لە ساڵی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە.
زانایان لە بەریتانیا، ئەمریکا و هۆڵەندا، لە گروپی توێژینەوەی نێودەوڵەتی کەشوهەوا، لێکۆڵینەوەیان لە شەپۆلی گەرمای ئەم دواییە کردووە بۆ دیاریکردنی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا.
زاناکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە شەپۆلی گەرما کە بەر ئەمریکای باکوور کەوتووە2 پلەی سەدی گەرمتر بووە، هەروەها شەپۆلی گەرما لە چین 1 پلەی سەدی گەرمتر بووە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا.