چوار هاوڵاتی سوری لەناو ئۆتۆمبێلێکی قاچاخ خنکان
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
چوار کەسی خەڵکی شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە کیشوەری ئەوروپا لە ڕێگەی کۆچەوە بە ڕێگەی بارهەڵگرەوە خنکاون.
کەسوکاری قوربانییەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، ئەو چوار کەسەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی گوندەوارەکانی شاری قامشلۆن، دوو کەسیان خەڵکی شارۆچکەی جەل ئاغا/ئەلجەوادییە و دوو کەسەکەی تریش خەڵکی شاری گیرگی لەکی/مەعبەدە بوون.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، قوربانییەکان لەسەر یەکێک لەو ڕێگایانە گیانیان لەدەستداوە کە تورکیا و یۆنان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و قوربانیەکانیش بەناوەکانی محەمەد عومەر تەمەن 25 ساڵ و عەگید عەباس و وائل ڕەسووڵ و فەهد تاهر بوون.
سەرچاوە ئاگادارەکان لە کەسوکاری قوربانیان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هۆکاری گیانلەدەستدانیان خنکان بووە بەهۆی حەشاردانی ئەو چوار کەسە لەناو بارهەڵگرێکدا.