سەرۆککۆماری عێراق و جنین پلاسخارت کۆبوونەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عێراق و جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دۆسیەی ئاوارەكان و گۆڕانی كەش وهەوایان تاوتوێ كرد.

لە رڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماردا هاتووە، “سەرۆككۆماری عێراق ئەمڕۆ لە كۆشكی بەغدا پێشوازی لە جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد و لە میانی كۆبوونەوەكەدا سەبارەت بە دۆخی سیاسی گشتی عێراق و رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەو هەوڵانەی لە عێراق دراون و دۆسیەی ئاوارەكان و هەروەها گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، گفتوگۆیان کرد”.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە، کە لە كۆبوونەوەكەدا باس لە كارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە پەیوەندیدارەكانیان كراوە، لە پاڵپشتیكردنی عێراق و چالاككردنی رۆڵی، بەتایبەتی لەو پرۆژانەی كە نەتەوە یەكگرتووەكان پەسەندی كردوون و ئەو دۆسیە مرۆییانەی كە نوێنەرایەتیان كردووە لە چارەسەركردنی دۆسیەی ئاوارەكان و ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانی نیشتەجێبوونیان.

بە گوێرەی هەمان راگەێنراو، لای خۆیەوە پلاسخارت پرۆژەی نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ ئەنجامدانی هەموو هەوڵێك و یارمەتیدانی عێراقییەكان لە بوارە جیاجیاكاندا دووپاتكردوەتەوە.