مەسک باڵندە شینەکەی گۆڕی بۆ X

هەولێر – نۆرس پرێس

ئیلۆن مەسک، خاوەنى کۆمپانیاى تویتەر، دواى بڵاوکردنەوەى راپۆرسی گۆڕانکارى لە لۆگۆى تویتەر، لە باڵندە شینەکەوە بۆ پیتى ئێکس، ئەمڕۆ پێشنیازەکەى خستە بوارى جێبەجێکردنەوە و باڵندە شینەکە لابرا.

لەسەر بیناى باڵەخانەى کۆمپانیاى تویتەر، لۆگى ئێکس نمایشکرا، ئەمە بووە دواین دیمەنى بینینى باڵندە شینەکەى ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیە.

لەگەڵ گۆڕانکارى لە لۆگۆى تۆڕەکۆمەڵایەتیەکە، مەسک، کۆمەڵێک گۆڕانکارى دیکەى ئەنجامداوە، لەوانە، زیادکردنى تایبەتمەندى، ڤیدیۆ، دەنگ، نامەناردن، پارەدان و بانککردن درووستکردنى بازاڕیکى جیهانى بۆ پیشاندانى بیرۆکە و کاڵا و خزمەتگوزارى دیکە.

هاوکات لە تویتێکدا مەسک دەڵێت: ” ماڵئاوایی لە براندی تویتەر و دواتر قۆناخ بە قۆناخ لە هەموو باڵندەکان دەکەین.”

لە راپرسیەکەى مەسک، پرسیارکرابوو، ئایە بەکارهێنەران پشتگیرى دەکەن بۆ گۆڕانکارى لە لۆگۆى تویتەر، لەبەرانبەردا ملیۆنان کەس بەشداریان کرد و پێشنیازى خۆیان ناردوە بۆ خاوەنى تۆڕەکۆمەڵایەتیەکە.

تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، بەڕێوەبەر جێبەجێکارە ملیاردێرەکەی تێسلا ئاشکرایکرد، “کڕینی تویتەر خێراکردنێکە بۆ دروستکردنی X، ئەپڵیکەیشنی هەموو شتێک.”

ئەمە لەکاتێکدایە، مەسک ئەمساڵ پلانی بەشداریکردنە هەشت دۆلارییەکەی راگەیاند بۆ ئەوەی داهاتی تویتەر بەرزبکاتەوە. لەو کاتەوەی کە مەسک تۆڕەکەی کڕیوە، داهاتەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.