یۆنان گەورەترین چۆڵکردنی گەشتیارانی ئەنجامدا
دیمەشق – نۆرس پرێس
لە رۆژی یەکشەممەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی یۆنان هەوڵدەدەن، ئاگری دوورگەی رۆدسی کۆنترۆڵ بکەنەوە کە بووەتە هۆی ئەوەی هەزاران هاوڵاتی یۆنانی و گەشتیاران دوورگەکە چوڵبکنەوە.
ماوەی چەند رۆژێکە یۆنان کەوتەوە ژێر شەپۆلێکی گەرمای درێژخایەن، هاوکات لە هەفتەی رابردووەوە چەند ئاگرێک کەوتۆتەوە و تا ئێستاش بەردەوامن.
دوورگەی رۆدسی، یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی یۆنان، بەتایبەتی بۆ گەشتیارانی بەریتانی، ئەڵمانی و فەرەنسی، کە ئێستا زۆربەیان لە رێرەوی ئاگرەکە دەگوازرێنەوە بۆ شوێنی پارێزراوتر.
دەسەڵاتدارانی یۆنان ناچاربوون نزیکەی 30 هەزار کەسی بگوازنەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە قوربانییەکانی ئاگرکەوتنەوەکان بکەنەوە.
کۆنستانتیا دیمۆگلێدۆ، گوتەبێژی پۆلیسی یۆنان رایگەیاند، “ئەمە گەورەترین چۆڵکردنە لە وڵاتەکەدایە”.
پۆلیس دەڵێت، دەسەڵاتداران نزیکەی 16 هەزار کەسیان لە رێگەی وشکانیەوە گواستراوەتەوە و سێ هەزار کەسیان لە رێگەی دەریاوە گواستراون، ئەوانی دیکەش لە رێگەی وشکانی یان ئۆتۆمبێلەکانی خۆیانەوە هەڵاتوون دوای ئەوەی داوای لێکردون ناوچەکە بەجێبهێڵن.
بەریتانیا و ئەڵمانیا لە رێگەی چەند کەشتییەکەوە، هاوڵاتیانیان لە یۆنان گواستنەوە.
دەسەڵاتدارانی یۆنان هۆشدارییاندا لەوەی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە چەند رۆژێکی دەوێت، چونکە رەشەبایەکی بەهێز هەڵیکردوە.
ساڵی رابردوو نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار روویان لە دوورگەی رۆدسیان کرد، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی تەنها 100 هەزار کەسە.
هاوکات سەرۆکایەتی یۆنان، پشوویەکی نیشتمانی هەڵوەشاندەوە کە بریار بوو رۆژی دووشەممە بکرێت.