هەولێر – نۆرس پرێس
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی هەموو هەوڵێکی خۆیداوە بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، بەڵام “تاران رەتیکردەوەتەوە”.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا دانوستانەکان وەستاون، بەوپێیەی ئێران “ئەو پەرەسەندنەی لە ناوچەکەدا دروستیکردوە کەمبکاتەوە”، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی واشنتۆن چاوەرێی ئەوە دەکات بزانێت تاران ئەو کارە دەکات یاخود نا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانیان، تەنانەت چین و رووسیاش، بەچڕی کاریان کردووە، بۆ ئەوەی بزانن ئایا دەتوانن بگەرێنەوە بۆ پابەندبوون بە “پلانی هەمەلایەنەی هاوبەشی کارکردن” لەبارەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.
بلینکن دەڵێت، “بەدڵنیاییەوە هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەبێت ئامانجە ئەمنییەکانمان بپارێزین و بەرژەوەندییەکانمان بەدیبهێنێت”.