هەولێر – نۆرس پرێس
هاوڵاتیانی بیانی کاتێک دەیانەوێ سەرەدانی عێراق بکەن پێویستە بڕێک پارە بدەن، ئەو بڕە پارەیە بۆ وەرگرتنی ڤیزای عێراقە لەگەڵ ئەوەی کەپاسپۆرتی عێراق لە ریزی پێش کۆتایی خراپترین پاسپۆرتی جیهانە.
خاوەن کۆمپانیایەکی گەشتیاری رایدەگەیەنێت، تێچووی ڤیزای عێراق نزیکەی 150 دولارە، ئەم بڕە پارەیە بۆ ڤیزای عێراق بەڕای هاوڵاتیان و گەشتیاران بڕە پارەیەکی زۆرە.
هاوڵاتیانی ئۆکرانی و جۆرجی و سوری و ئوردنی و میسری و ئازەربایجانی کاتێک دەیانەوێ سەرەدانی عێراق بکەن دەبێت ڤیزا بەشێوەی ئەلیکترۆنی وەربگرن.
سالار مەرزانی لە بارەی ئەوانەی دێنە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەگەر هاوڵاتییەکی بیانی بیەوێت بێتە هەرێمی کوردستان و نەیەوێت بچێتە شارەکانی دیکەی عێراق، بە ئۆنڵاین داوای ڤیزا لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەکات، دیسان نزیکەی 150 دۆلار تێچووی دەبێت و دوو رۆژی پێدەچێت.
بەپێی زانیاریەکانی نۆرس پرێس، ئەو هاوڵاتییە ئەوروپیانەی کە بەبێ ڤیزا دێنە هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان کاتێک مۆری هاتنەژوورەوە لە پاسپۆرتەکانیان دەدرێت، بڕی 80 دۆلاریان لێ وەردەگیرێت وەک پرۆسەی ڤیزا.
جێی ئاماژەیە، پێگەی Henley Passport ریزبەندی باشترین و خراپترین پاسپۆرتەکانی جیهانی دیاریکرد، لە ریزبەندیەکەدا پاسپۆرتی عێراقی وەک دووەم خراپترین پاسپۆرت لەسەر ئاستی جیهان دیاریکرا، بۆیە هەلگرانی پاسپۆرتی عێراقی تەنها دەتوانن بەبی ڤیزا گەشتی 29 وڵاتی جیهانی بکەن.