بەهۆی لافاوەوە لەهەریەک لە ئەفغانستان و پاکستان، دەیان کەس گیانیانلەدەستداوە
هەولێر – نۆرس پرێس
به‌هۆی دروستبوونی لافاوه‌وه، له پارێزگای مه‌یدان وه‌رده‌كی ئەفغانستان، 31 كه‌س گیانیانله‌ده‌ستدا و دەیان کەسی دیکەش بێسەروشوێنن، لە کاتێکدا 13 کەس بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و رۆچوونی زەوی لە پاکستانی دراوسێ گیانیانلەدەستداوە.
فه‌یزوڵا جه‌لالی، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كاره‌ساتی سرووشتی له پارێزگاکە، له کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بارانی به‌خوڕ بووه‌ته هۆی دروستبوونی لافاو، له ناوچەکانی جه‌لریز و ناره چه‌كچه‌گاتوی.
باسی له‌وه‌شكردووه، دەرباری ئەو 31 كه‌س گیانیانله‌ده‌ستداوه، ژماره‌یه‌كی زۆریش لە هاوڵاتییانی ناوچەکە برینداربوون و ژمارەیەکی هاوڵاتی دیکەش تاوەکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە و بێسەروشوێنن.
هاوکات، وه‌زاره‌تی به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌ساته‌كان دەڵێت، له لافاوه‌كانی مه‌یدان وه‌رده‌كدا 74 كه‌س برینداربوون و 604 خانوو و ماڵ داڕوخاون.
لافاوێکی بەهێزی دیکەش لە کابولی پایتەخت، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 250 ئاژەڵ.
بەگوێرەی گوتەی پارێزگاری کابول، سەدان ماڵ زیانیان بەرکەوتووە یان وێرانبوون و پێدەچێت ونبووەکان لەژێر داروپەردووی خانووە ڕووخاوەکاندا بن.
هەر بەگوێرەی ئامارەکانی وه‌زاره‌تی به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌ساته‌كانی ئەفغانستان، لە چوار مانگی رابردوودا، بەهۆی لافاوەوە، 214 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و 320 كه‌سیش برینداربوون.