خۆپیشاندانێکی دیکەی ژنانی حەسەکە بۆ داواکردنی بوتڵەغازە ونبووەکانیان
حەسەکە – نۆرس پرێس
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، دەیان ژن جارێکی دیکە یەکێک لە رێگا سەرەکییە گرنگەکانی ناوەندی شاری حەسەکەیان داخست، بەمەبەستی دەربرینی ناڕەزایەتیی لەبەردەم باڵەخانەی کانتۆنی حەسەکە، بۆ داواکردنی بوتڵەغازە ونبووەکانیان.
چەند وەکیلێکی غاز لە حەسەکە، نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر هەزاران بوتڵی غازی هاوڵاتیانیان “دزیبوو” و بە قاچاخ لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بردویانەتە دەرەوە، بەرامبەر بەم کارەش ژنانی حەسەکە چەندین جار ناڕەزایەتییان دەربڕیووە و داوای ئەو بوتڵەغازانەیان کردووەتەوە.
عەنود ئەلسالم، دانیشتووی گوندی “ئەلباغیە” لە دەڤەری “چیای عەبدولعەزیز” لە رۆژئاوای شاری حەسەکە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ئەمە جاری سێهەمە دێینە ئێرە بۆ ئەوەی داوای گەڕاندنەوەی بوتڵەغازەکانمان بکەین، کە نزیکەی ساڵێکە دزراون، هەرجارێک کە دێین بەڵێنی ناراستمان پێدەدەن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بوتڵە غازە نادیارەکان بە سەدان دانە مەزەندە دەکرێن، کە هی دانیشتوانی گوندەکانی ئەلبەغیە، موشەیرفە، ئەلحەمانییە، ئەلشەیرە، ئوم ئەلویل، ئەلمەعادەمە، تەل مەجدەل و گوندەکانی دیکەی ناوچەی جەبەل عەبدولعەزیز، بوون”، بەپێی قسەکانی.
ئەلسالم ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی لەدەستدانی بوتڵەغازەکانیان، پشت بە بۆری نەوتی سپی دەبەستن بۆ چێشتلێنان، هەرچەندە سەلامەت نین و مەترسیدارن، بەهۆی تەقینەوەیانەوە چەندین رووداوی سووتانی دانیشتووانیان لێکەوتووەتەوە، بە گوتەی ئەو.
ژمارەی بوتڵەغازە دزراوەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 5000 دانە، کە بەڕێوبەری خۆسەری نزیکەی 3000 گەڕاندەوە بۆ هاوڵاتیانی گەڕەکەکانی باشووری حەسەکە، ژمارەیەکی دیکەشیان بۆ دانیشتوانی گوندەوارەکانی شارەکە دابین کرد.