رووسیا ئەمریکا بە ئەنجامدانی پێشێلکارییەکی ئاسمانی”ترسناک” لە باکووری سوریا تاوانباردەکات
قامشلۆ – نۆرس پرێس
رووسیا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا “بە شێوەیەکی مەترسیدار” لە فڕۆکەکانی رووسیا لە باکووری سوریا نزیک بووەتەوە، سەرەڕای ئەنجامدانی “چەند پێشێلکارییەکی دیکە”.
ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا، کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەیە، رایگەیاندووە “بەرنامەیەکەی مەترسیدار” لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی MQ-9ی هاوپەیمانییەوە، بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بەرامبەر بە فڕۆکەی رووسی لە سوریا تۆمارکراوە.
ئۆلێگ گۆرینۆڤ، بەرپرسی سەربازی لە ناوەندی رووسیا دەڵێت: “بە تایبەتی جێگەی نیگەرانییە کە فڕۆکەی بێ فرۆکەوانی MQ-9 لە ناوچەی ئەلباب لە فڕۆکەکانی رووسیا نزیک بووەتەوە”.
بە گوتەی گۆرینۆڤ، فڕۆکەوانە رووسییەکان کاریگەریی سیستەمی رێنماییەکانیان تۆمارکردووە، کە بووەتە هۆی کارکردنی ئۆتۆماتیکی سیستەمی بەرگریی ناو فڕۆکەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکەوانە روسیەکان “پیشەیی بوونی بەرز”یان نیشانداوە بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لە کاتی خۆیدا بۆ رێگریکردن لە پێکدادان لەگەڵ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هاوپەیمانان.
تۆمەتە هاوبەشەکان لە نێوان هێزەکانی هاوپەیمانانی و رووسەکان لە سوریا سەبارەت بە پێشێلکارییە ئاسمانییەکان توندتر بووە، کە ئەمریکا هەندێکیان بە “ترسناک” باسکرد، بەو پێیەی زیاتر لە جارێک کاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” هەبووە.
لە راگەیەندراوەکەیدا، ناوەندی رووسیا تۆمارکردنی 10 حاڵەتی پێشێلکردنی “پرۆتۆکۆلی بەریەکنەکەوتن”یان لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە راگەیاند، کە تەنها لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا تۆمارکراون.