تێپەڕینی 100 ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزاندا

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ 100 ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزاندا تێدەپەڕێت، ئەو پەیماننامەی کە نەیهێشت خەونەکانی کورد بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بەدی بێت.

رێککەوتنی لۆزان کە لە مانگی تەمووزی ساڵی 1923 لە سویسرا واژۆ کرا، مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم بێبەش کرد، بەتایبەتی دوای ئەوەی زلهێزە نێودەوڵەتییە باڵادەستەکانی ئەو سەردەمە (فەرەنسا و بەریتانیا ) پاشەکشەیان کرد لە بەڵێنەکانیان بەرامبەر بە کورد، لە رێککەوتنی سیڤەر کە سێ ساڵ پێشتر دابوویان.

رۆژی 6ی تەمموز، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی لە میانی گوتارێکدا کە لە کۆڕبەندێکدا کە لەلایەن “سەنتەری رۆژئاڤا بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان” سەبارەت بە یادی سەد ساڵەی “پەیماننامەی لۆزان” رێکخرابوو، لە شاری حەسەکە، رایگەیاند، “رێککەوتنی لۆزان لە سەردەم و هەلومەرجی خۆیدا دژی کورد بووە، بەو پێیەی زلهێزە نێودەوڵەتییە باڵادەستەکان لەو کاتەدا رێککەوتن لەسەر ئەوەی لەو رێککەوتنەدا مافەکانی کورد وەلاوەنرێت و ئەمە دۆخەش بۆ ماوەی سەد ساڵ بەم شێوەیە بەردەوام بێت”.

عەبدی گوتیشی: “لۆزان تەنیا بە وەدەرنانی مافی کورد سنووردار نەبوو، بەڵکو بە قڕکردنی فیزیکی کورد کرایە ئامانج، وەک بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و لەسێدارەدان و هەڵمەتەکانی گرتنی سیاسی کە تا ئەمڕۆش بەردەوامن”.

فەرماندەی گشتیی “هەسەدە” رایگەیاند، “بۆ ئەوەی لۆزان دووبارە نەبێتەوە، دەبێت دەستکەوتەکانی کورد لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤا بپارێزرێت” و داوای بەستنی کۆنفرانسی (کوردی-کوری) کرد بەبێ هیچ مەرجێک و یەکخستنەوە گوتاری کوردی لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، چونکە “رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکارییە و دەرفەتێکی راستەقینە بەخۆوە دەبینێت بۆ کورد، تا مافەکانی بەدەستبهێنێت”.

لە هەمان یادا، رۆژی 22ی تەمووز، لە سویسرا لە دژی پەیماننامەکە خۆپێشاندانێکی گەورە رێکخرا.

خۆپێشاندانەکە لە شاری لۆزان بە بەشداری نزیکەی 15 هەزار کەس لە رەوەندی هەر چوار پارچەی کوردستان و لە شاری جنێفیش بە بەشداریی دەیان کەس لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان کرا.

 هاونیشتمانیان لە لۆزان، بە خوولەکێک وەستان بۆ گیانی “شەهیدانی رێبازی کوردایەتی”، سروودی ئەی رەقیب، گۆرانیی کوردی و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، ئاڵای پەکەکە و وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ناڕەزایی خۆیان لە دژی پەیمانەکە دەربڕی.

لۆزان  پەیماننامەیەکی ئاشتیی بوو لە کاتی کۆنفرانسی لۆزان لە ساڵانی 1922–1923دا لە کۆشکی روومین دانوستانی لەسەر کراو ،لە شاری لۆزانی سویسرا، لە 24ی تەممووزی 1923دا واژوو کرا.

ئەم پەیماننامەیە بە فەرمی ئەو ململانێیەی کۆتایی پێهێنا کە لە سەرەتادا لە نێوان ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و کۆماری فەڕەنسی ھاوپەیمان و بەریتانیا و شانشینی ئیتاڵیای ئەو سەردەمە و ئیمپراتۆریەتیی ژاپۆن و شانشینی یۆنان و شانشینی یوگۆسلاڤیا و شانشینی رۆمانیا لە سەرەتای جەنگی جیھانییەوە ھەبووە.

دەقی پەیماننامەکە بە زمانی فەرەنسیی نوسراوە، پەیمانەکە دەرئەنجامی ھەوڵی دووەمی ئاشتی بوو، دوای پەیماننامەی شکستخواردوو و پەسەندنەکراوی “سیڤەر” کە ئامانجی دابەشکردنی خاکی خەلافەتی عوسمانی بوو.

 پەیماننامەی پێشووتر “سیڤەر” لە ساڵی 1920 واژوو کرابوو، بەڵام دواتر لەلایەن بزووتنەوەی نیشتمانیی تورکیاوە رەتکرایەوە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەکە هەوڵیاندا.

 لە ئەنجامی جەنگی نێوان یۆنان و تورکیا ، ئیزمیر وەرگیرایەوە و ئاگربەستی “مودانیا” لە تشرینی یەکەمی 1922 راگەیەندرا.

لە کۆنگرەی لۆزاندا گەلێک بابەتی تایبەت بە کێشە ناوچەیی و رامیارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی مووسڵ و سیستەمە دەریایییەکان و کێشەی سیستەمی مافی بێگانە و کێشە ئابووری و دارایییەکانی وەک قەرزی گشتی عوسمانی و پاراستنی بەرژەوەندی ئابووریی بێگانە خرانە بەر باس و گفتوگۆ.

کۆنگرەی لۆزان کە پەیمانی لۆزانی لێ کەوتەوە، زەبرێکی کاریگەری لە دۆزی کورد و کێشە رەواکەیدا و نەیھێشت ئاوات و داخوازییەکانی کورد بەپێی پەیمانی “سیڤەر” لە دووتوێی دەوڵەتێکدا بێتە دی.