لەماوەی ئەم هاوینەدا 54 هاونیشتمانیی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون و 11 لەسێدارەدراون
هەولێر – نۆرس پرێس
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، راپۆرتی یەکەم مانگی هاوینی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم هاوینە 54 هاونیشتمانی لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان، ئیلام، ورمێ و لوڕستان و شارەکانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون و 15 هاونیشتمانییش سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لە ماوەی ئەو یەک مانگەدا 11 هاونیشتمانی لە زیندانەکانی کەرەج، کرماشان، ورمێ، نەغەدە و هەمەدان بە “تاوانی کوشتنی بەئەنقەست.” و، “قاچاخی مادە هۆشبەرەکان.” لەسێدارەدراون.
هەروەها لەو یەک مانگەدا دوو هاونیشتمانی بە ناوەکانی (موسا ئیسماعیلی و پەیمان گەڵوانی) کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، لە ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری ورمێدا گیانیان لەدەستداوە.
هەر لەو مانگەدا 6 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە و 2 ژنیش بەهۆکاری پەیوەندیدار بە “نامووس”ـەوە بە دەستی کەسوکاریان کوژراون.
هەر بە گوێرەی راپۆرتەکەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان دەربارەی پێشێلکارییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، 8 کۆڵبەر لە ئەنجامی تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی پاوە لە پارێزگای کرماشان و بانە لە پارێزگای سنە بریندار بوون؛ هەروەها کۆڵبەرێکیش لە سنووری بانە کوژراوە.