هێرشێکی رووسی نوێ بۆ سەر شاری “ئۆدێسا”ی ئۆکرانی قوربانی لێدەکەوێتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، کاربەدەستانی ئۆکرانیا رایانگەیاند کە رووسیا شەپۆلێکی دیکەی هێرشی کوشندەی لە بەندەری ئۆدێسا لە دەریای رەش دەستپێکردووە، بەندەرەکە سەرچاوەی هەناردەی دانەوێڵە بوو بۆ جیهان بەپێی رێکەوتنێک کەوا مۆسکۆ لەم دواییانەدا لێی کشایەوە.

بە گوتەی پارێزگاری شارە کەناراوییەکە، بەهۆی هێرشەکەوە، کەسێک کوژراوە و 19ی دیکەش برینداربوون کە چواریان منداڵن و زیانیش بە ژێرخانی نیشتەجێبوون گەشتووە.

میدیاکانی ئۆکرانیا بڵاویانکردەوە، لە هێرشەکاندا، کاتدراڵی “سپاسۆ-پرێۆبراژێنسکی” کە گەورەترین کڵێسای ئۆرتۆدۆکسە لە شاری ئۆدێسا، زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

دوای کشانەوەی مۆسکۆ لە رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە هەفتەی رابردوودا، شارەکە کەوتۆتە بەر هێرشی دووبارە.

بەندەری ئۆدێسا ناوەندی هەناردەکردنی دانەوێڵەیە بە گوێرەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ رووسیا هەیانبوو، بەو پێیەی کە بە دەریای رەشدا دەنێردرێت و لەوێشەوە دەگوازرێنەوە بۆ وڵاتە جیاوازەکانی جیهان.

مۆسکۆ ئەو هێرشانە بە تۆڵەسەندنەوە لە هێرشەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر پردێکی دروستکراوی رووسیا دەزانێت کە نیمچە دوورگەی کریمیای ئۆکرانیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و مۆسکۆ لە ساڵی 2014دا دەستی بەسەردا گرتووە.

ئۆکرانیا رووسیا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە ناوەندی هەناردەی دانەوێڵە و ژێرخانی گرنگی رێککەوتنی دەریای رەش دەکاتە ئامانج.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا رایگەیاند، “رووسیا دوای نیوە شەوی دوێنێ مووشەکی پێکەری ورد و مووشەکی کالیبری لە دەریاوە بەرەو کەنار بەسەر ئۆدێسادا هاوێشتووە”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر