گەڕانەوەی نزیکەی هەزار پەنابەری سوریا لە ئوردنەوە لە ماوەی شەش مانگدا
هەولێر – نۆرس پرێس
بەپێی داتاکانی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی دوو هەزار پەنابەری سووری لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئوردنیان بەرەو وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە.
بەپێی داتاکانی کۆمسیارەکە “UNHCR”، وەک کەناڵی فەرمی شانشینی ئوردن بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی ئەمساڵی 2023دا 16529 پەنابەری سوریا (ئوردن، میسر، لوبنان، تورکیا و عێراقیان) بەرەو سوریا بەجێهێشتووە.
ئەم ژمارەیەش، 1942 پەنابەر دەگرێتەوە، کە لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لە ئوردنەوە گەڕاونەتەوە.
لە ساڵی 2022دا ژمارەی ئەو پەنابەرە سووریانەی کە لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان، گەیشتووەتە 50966 پەنابەر، لە ساڵی 2021دا ژمارەی ئەو پەنابەرانە گەیشتە 35624 کەس.
بەپێی داتاکانی کۆمسیاری پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان، رێژەی گەڕانەوەی رۆژانە بۆ سوریا لەمساڵدا 91 کەسە، لە کاتێکدا ڕێژەی مانگانە 2755 کەسە.
ئوردن لە سەرەتای قەیرانی سوریاوە لە ساڵی 2011ەوە زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار پەنابەری سوری میوانداری دەکات کە نزیکەی 660 هەزار پەنابەری سورییان لە رێکخراوی UNHCR تۆمارکراون.
ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوە و تاراوگەنشینی ئوردن، سەرەتای ئەم مانگە، لە میانی سەردانێکیدا بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا، رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی سوریا گەیشتوونەتە بنەمایەک بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی هەزار پەنابەری سوریا بۆ وڵاتەکەیان.
راگەێنراوەکەی عەممان کە دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی (ئوردن، سعودیە، میسر و عێراق) لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا بڵاوکرایەوە، جەختیان لەسەر گرنگی کارکردن بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی تاقیکاری بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی نزیکەی هەزار پەنابەری سوری بۆ وڵاتەکەیان لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا، بۆ رەخساندنی هەلومەرجی پێویستی گەڕاندنەوەی خۆبەخشانەی تەواوی پەنابەران.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت گەڕانەوەی پەنابەران بۆ سوریا هێشتا سەلامەت نییە.