هۆشداری دەدرێت لە پیسبوونی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئاژانسی هەواڵی ئەلسومەریە لە زاری ئەندامێکی لیژنەی ئاو و گۆماوەکانی پەرلەمانی عێراق، “سائیر ئەلجبوری”ەوە بڵاویکردەوە، کە “کەمی ئاو بووەتە هۆی زیادبوونی چڕیی ژەهر و مادە زیانبەخشەکانی تر لە ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فوراتدا.

راشیگەیاندووە، کە “بێ گومان کەمی ئاوی شیرین لە چەمەکانەوە، پاشماوە و پیسبوون لە ئاوی ژێر زەویدا بەرز دەکاتەوە، بەمەش ژەهر و پیسی زیاد دەکات”.

ئەو پەرلەمانتارە هۆشداریشیدا لەوەی “لە مەترسی راستەقینەی دۆخەکە”، داواش لە حکومەت و بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی و تەندروستی دەکات، کە پێویستە کاربکەن لەسەر پاککردنەوەی ئاو و گۆڕینی بۆ ئاوی خواردنەوە”.

ئەلجبوری ئاماژەی بەوەشکرد، “چارەسەری ئەم پرسە بەشێوەیەکی ریشەیی زیادکردنی دەردانی ئاوە لە وڵاتانی سەرچاوەوە، بۆ چارەسەرکردنی کاردانەوەکانی پرسی گلدانەوەی ئاو و کەمییەکەی، کە تەنانەت گەیشتووەتە ئاستی کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە لە زۆرێک لە ناوچەکان و پارێزگارەکاندا”.

تا ئێستاش حکومەتی ئەنقەرە، کە سەرچاوەی ئاوەکان لە وڵاتەکەیدایە، بەردەوامە لە گلدانەوەی بەشەئاوی عێراق و سوریا و بەشە ئاوەکەیان وەک پێویست نانێرێت.

لای خۆشیەوە، وەزارەتی تەندروستی لەڕێگەی ریاز ئەلحەلفی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی وەزارەتەکەوە رایگەیاندووە، “تا ئێستا وەزارەت هیچ حاڵەتێکی ژەهراویبوونی ئاوی خواردنەوەی تۆمارنەکردووە”.

 ئاماژەی بەوەشکرد “پرسی بەدواداچوون بۆ پیسبوونی ئاوی خواردنەوە لە ئەستۆی وەزارەتی ژینگە و لایەنە پاڵپشتەکانە”.

ئەلحەلفی روونیشیکردەوە، “تۆمارنەکردنی حاڵەتەکانی ژەهراویبوون زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ئاوی رووبارەکان بۆ خواردنەوە بەکار ناهێنن، بەڵکو سوود لە ئاوی پاڵێوراو دەبینن”.