سوتانی 250 هێکتار دارستان و لەوەڕگە لە لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی هەفتەی رابردوودا

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، حوسێن میرزایی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، لە سەرەتای سەری ساڵی هەتاویی (21-3-2023ـ)ەوە، 600 هێکتار دارستان و لەوەڕگە لەو پارێزگایە سووتاوە و بەشی زیاتری لەوەڕگا بووە، کە  250 هێکتاری تەنها لە ماوەی هەفتەی رابردوودا سوتاوە.

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە بەشە جیاکانی جیهاندا، کاریگەری هەبووە لەسەر کەوتنەوەی ئاگر لە دارستان و لەوەڕگەکاندا، پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، کە نزیکەی 75٪ی رووبەرەکەی کە دەکاتە 2 ملیۆن و 200 هەزار هێکتار، دارستان و لەوەڕگایە، زیاترین زیانی بەرکەوتووە.

زیاترین رووداوی کەوتنەوەی ئاگر لە دارستان و لەوەڕگاکانی ئەو پارێزگایە لە مانگی یەکەمی هاویندا تۆمار کراوە. هەینی رابردوو، 100 هێکتار دارستان و لەوەڕگا لە سنووری شارەکانی ئەزنا و چێگەنی سووتاو؛ هەروەها هەفتەی رابردوو 150 هێکتار دارستان و لەوەڕگا لە ناوچەی چگەنی سووتاو و دوو کەس بەتۆمەتی ئاگرکردنەوە دراونە دادگا.

بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای لوڕستان دەڵێت، ئەمساڵ بۆ چاودێریکردنی زیاتری دارستانەکان و کۆنترۆڵکردنی ئاگرگرتنەوەکان لە توانای خەڵکی ئاسایی کەڵک وەردەگرن و 550 کەس وەکو ژینگەپارێزیی خۆبەخش هاوکارییان دەکەن.