تلتەمر – نۆرس پرێس
لە شارۆچکەی تلتەمری باکووری شاری حەسەکە، رۆژئاوای کوردستان، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، حاڵەتەکانی گەرمابردن بەرزبووەتەوە.
پلەکانی گەرما لە هەموو ناوچەکانی سوریا و ناوچەکانی جەزیرەی سوریا و رۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی بەرزبوونەتەوە، لە 5 بۆ 7 پلە لە سەرووی تێکڕای خۆیانەوە لە ماوەی چوار پێنج رۆژی رابردوودا.
رەوەند فاتیمی، پزیشکی بەرپرسی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی “لیکرین” لە تلتەمر، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، رۆژانە زیاتر لە 7 حاڵەتی گەرمابردنمان تۆمارکردووە لە نەخۆشخانەکانی شارۆچکەکە و گوندەوارەکانی”.
فاتمی روونیشیکردەوە، “لە ساڵانی رابردوودا ئەم ژمارە تۆمار نەکراوە، بەو پێیەی زۆرترین ژمارەی ئەو کەسانەی تووشی گەرمابردن بوون لە چوار حاڵەت زیاتر نەبوون لە ماوەی یەک هەفتەدا”.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی سوریا هەفتەی رابردوو هۆشداری دا لە بەرکەوتنی راستەوخۆ بە تیشکی خۆر لە کاتی لوتکەی بەرزییدا.
ئەو پزیشکە هۆشداریدا لە پشتگوێخستنی بەکارهێنانی شێوازەکانی پاراستنی خۆر و نەخواردنەوەی زۆری ئاو.