یەکەم جار ئەمەریکا ژنێک بۆ سەرکردایەتی هێزی دەریایی کاندید دەکات

هەولێر-نۆرس پرێس

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەمەریکادا، ژنێکی کاندید کرد، بۆ ئەوەی ببێتە سەرکردەی هێزی دەریایی ئەمەریکا، هەروەها ئەم بڕیارەش بەرپرسانی پێنتاگۆنی تووشی سەرسووڕمان کردووە.

رۆژی هەینی، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، لیزا فرانشێتی کاندید کرد، بۆ ئەوەی سەرکردایەتی هێزی دەریایی ئەمەریکا بکات، ئەمەش بۆ یەکەم جارە لە مێژووی ئەمەریکادا روودەدات.

لە ئەگەری دەستبەکاربوونی فرانشێتی، دەبێتە یەکەم ژن، کە سەرکردایەتی هێزی دەریایی ئەمەریکا بکات، هەروەها دەبێتە ئەندامی سەرۆک ئەرکانی هاوبەش.

بڕیارەکەی بایدن وەک شتێکی سەرسوڕهێنەر بوو، دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی پێنتاگۆن پێشبینیان دەکرد بایدن ساموێل بابارۆ کاندید بکات، کە فەرماندەی هێزی دەریایی دەکات لە زەریای هێمن و ئەزموونی هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدایانەی کە لە چینەوە دێتە پێشەوە.

فرانشێتی رێزێکی زۆری لێدەگیرێت و وەک فەرماندەی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە کۆریادا ئەزموونی هەیە، هەروەها لە لێدوانەکەیدا بایدن ئاماژەی بە ئەزموونی 38 ساڵەی فرانشێتی کردووە.

بایدن لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە ماوەی کارکردنیدا، دەریاوان فرانشێتی ئەزموونێکی بەرفراوانی لە بواری ئۆپەراسیۆن و سیاسەتدا نیشانداوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دووەم ژنە کە گەیشتووەتە پلەی دەریاوانی چوار ئەستێرە لە هێزی دەریایی ئەمەریکا.