ملیاردێرێکی ئەمریکی لە ماوەی یەک ڕۆژدا نزیکەی بیست ملیار دۆلاری لەدەستدا

هەولێر-نۆرس پرێس

بازرگان و ملیاردێری ئەمریکی ئیلۆن ماسک لە ماوەی یەک ڕۆژدا نزیکەی بیست ملیار دۆلاری لەدەستدا، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی کارەبایی “تێسلا” لە بۆرسەی ئەمریکیدا دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینی.

گۆڤاری “ئیکۆنۆمیک تایمز” ڕایگەیاندوە، پشکەکانی تێسلا بە ڕێژەی 9.7% دابەزیون، دوای ئەوەی ئیلۆن ماسک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا پێشبینی کردوە، ڕەنگە کۆمپانیاکە دەست بە کەمکردنەوەی نرخی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی بکات.

بەپێی داتاکانی ئاژانسی بلومبێرگ، سامانی ماسک نزیکەی 20.3 ملیار دۆلار دابەزیوە و گەیشتوەتە 234.4 ملیار دۆلار و ئەم دابەزینەش حەوتەمین گەورەترین دابەزینی سەروەت و سامانی ماسکە لە مێژودا.

سەرەڕای دابەزینی سامانی ئیلۆن ماسک، بەڵام پێگەی خۆی وەک دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان پاراست.