بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە دۆخی خێزانەکانی داعش لەنێو کەمپەکان و داوا لە وڵاتان دەکات کە بیانگەڕێننەوە
قامشلۆ-نۆرس پرێس
بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، رەخنەی لە دۆخی ئەو زیندانانە گرت کە ئەندامانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لەخۆدەگرن، هەروەها ئەو کەمپانەی کە خێزانەکانیان تێیدا نیشتەجێن لە رۆژئاوای کوردستان، هاوکات داوای لە وڵاتان کرد بەپەلە هاووڵاتییەکانیان بگەرێننەوە.
سەرەرای ئەو راستیی و ئەو بارودۆخە ئەمنی و سیاسییەی رووبەرووی ناوچەکە بووەتەوە، فیۆنۆئالا نی ئۆلین، بڕیاردەری تایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مافی مرۆڤ، دوای گەڕانەوەی لە سەردانێکی پێنج رۆژە بۆ سوریا، رایگەیاندووە کە چاودێری “سەدان هەرزەکاری نێر لە دایکی خۆیان جیابوونەتەوە لە نەبوونی هیچ بنەمایەکی یاسایی بۆ ئەو کردەوەیە”.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی کەمپەکە پشتراستیدەکاتەوە کە هەوڵی زۆر دەدات بۆ ئاسایشی کەمپ و زیندانەکان، هەروەها لە زیاتر لە بۆنەیەکدا ئاماژەی بە مەترسی مانەوەی هەرزەکاران لەگەڵ ژنان کردووە، لەوانەش بەشێکی زۆریان پاڵپشتی رێکخراوەکە دەکەن و بەشدارن لە چاندنی ئایدۆلۆژیاکەی لە مێشکی هەرزەکاراندا کردووە.
ئیدارەی کەمپەکە هەرزەکارانی سەروو 12 ساڵ دەگوازێتەوە بۆ ناوەندەکانی چاکسازی.
لە میانی بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا لە جنێڤ رۆژی هەینی، ئەو پسپۆرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جیاکردنەوەی “سیستەماتیک”ی هەرزەکاران لە دایکەکانیان لە کەمپەکانی دەستبەسەرکردن لە رۆژئاوای کوردستان ئیدانە کرد، کە ئەمەش زیانێکی قەرەبوو نەکراوەیان پێدەگەیەنێت و “پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان” پێکدەهێنێت.
وڵاتانی رۆژئاوا رووبەرووی رەخنەی زیاتر دەبنەوە، بەهۆی ئەوەی رەتیانکردووەتەوە زیاتر لەو هاووڵاتییانە بگەرێننەوە وڵاتەکانیان کە بەرەو عێراق و سووریا رۆیشتوون بۆ ئەوەی پەیوەندی بە داعشەوە بکەن.
بڕیاردەری تایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی لەسەر پێویستی رێکخستنی گەرانەوەیان بۆ وڵاتەکەی “بەپەلە” کردووەتەوە و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەیان لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکان کە ئەمریکا پشتگیریان دەکات، بەرپرسیارێتی ئەو پێشێلکاریانەی مافی مرۆڤ لە ئەستۆ دەگرێت کە رووبەرووی دەبنەوە.
ئەو شارەزایەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی کە خێرایی ئێستای گەرانەوە “دەبێتە هۆی ئەوەی کەمپەکان لانیکەم بۆ ماوەی 20 ساڵی دیکە بە کراوەیی بمێننەوە.”