نوقومبوونی یەختێک لە ئیجە کە 80 کەسی هەڵگرتبوو و لە نێویاندا هاوڵاتیانی عێراقی هەن
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، دەسەڵاتدارانی یۆنان رایانگەیاند، یەختێک لە دەریای ئیجەدا نوقم بووە کە نزیکەی 80 کەسی تێدابوو، لەنێویاندا هاوڵاتیانی عێراقی هەیە، کە ئەمشەو لە تورکیاوە بەڕێکەوتبوو.
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، 29 کەس کە هەموویان پیاون، لە دووری 61 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی کارپاتۆس کە دوورگەیەکە لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، رزگارکراون.
لە ناسنامەی ئەو کەسانەی رزگارکراون دەرکەوتووە کە کۆچبەری نایاسایی لە ئەفغانستان و عێراق و ئێرانەوە هەڵگرتووە، بەپێی راگەیەندراوێکی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ئایا لە نێو پەنابەرانی عێراقیدا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی تێدایە یان نا.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەلەمەکە لە کەناراوەکانی ئەنتاڵیای تورکیاوە بەڕێکەوتووە و ئامانجی ئەوە بووە بگاتە ئەوروپا پێش ئەوەی لە کاتژمێرەکانی شەودا تووشی کێشە ببێت.
هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردنەکە بریتی بوون لە دوو بەلەمی پاسەوانی کەناراوەکان، کەشتییەکی هێزی دەریایی یۆنان، کۆپتەرێکی هێزی ئاسمانی و لانیکەم سێ کەشتی کە لەو نزیکەوە دەڕۆشتن.
ڕێگای دەریایی لە تورکیاوە بۆ دوورگەکانی یۆنان باوترین ڕێگایە بۆ بەقاچاخ بردنی کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا بەرەو ئەوروپا.
بەڵام لەگەڵ زیادبوونی چاودێری دەسەڵاتدارانی یۆنان لە دەریای ئیجە، زۆرێک لە ئێستا خۆیان لە دوورگەکانی یۆنان بەدوور دەگرن و ڕێگای دەریایی درێژتر و مەترسیدارتر دەگرنە بەر، وەک رێگا راستەوخۆکان بەرەو ئیتالیا، بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان.