بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و سووتەمەنی نرخی خۆراک لە حەسەکە بەرز دەکاتەوە

تەل تەمر- نۆرس پرێس

شارۆچکەی تەل تەمر لە باکووری شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، لەم هەفتەیەدا رووبەڕووی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی نرخی کەلوپەلی خۆراک و گۆشتی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش دوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە لیرەی سوریی لە بازاڕەکانی شارۆچکەکەدا، ئەمە جگە لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 22ی تەمموزی 2023، نرخی ئاڵوگۆڕی یەک دۆلار بە 12.350 لیرە تۆمارکرا، بەو پێیەش، نرخی کەرەستە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی لە بازاڕەکانی شارۆچکەکەدا بەخۆیەوە بینی.

وەکچۆن نرخی یەک کیلۆ گۆشتی سوور گەیشتە 19 هەزار لیرەی سوریی (1.5 دۆلار)، دوای ئەوەی لە نێوان 16 بۆ 17 هەزار لیرە بوو، گۆشتی بەرخیش گەیشتە 70 هەزار لیرە بۆ هەر کیلۆیەک، واتە نزیکەی (5.5 دۆلار).

نرخی دەبەیەک زەیتی رووەکی کە چوار لیتری تێدایە، لە 42 هەزار لیرە گەیشتە 60 هەزار لیرە، واتە (4.8 دۆلار)، هەروەها نرخی یەک کیلۆ شەکریش 12 هەزار لیرە، واتە کەمتر لە (1 دۆلار) بووە.

سەلمان ماو، بازرگانێکی خۆراک لە تەل تەمر، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ناتوانین نرخی هیچ شتێک لە فرۆشگاکاندا دابنێین، نە نرخێکی دیاریکراویش دابنێین، چونکە دۆلار ناجێگیرە و بەردەوام بەرز دەبێتەوە، بۆیە نرخی یەک پارچە لە هەر فرۆشگایەکدا زیاتر لە دە جار لە رۆژێکدا دەگۆڕێت”.

لیرەی سوریا رووبەڕووی داڕمانێکی گەورە لە بەرامبەر دراوە بیانییەکاندا بووەتەوە، کە قەیرانێکی ئابووری خنکێنەری بۆ سوریاییەکان دروستکردووە، هەروەها بەرزبوونەوەی رێژەیی نرخی ئەو خۆراکانەی کە دانیشتووان ڕۆژانە پشتیان پێدەبەستێت.

هاوکات رۆژی یەکشەممەی رابردوو نرخی سووتەمەنی لە ناوچەکانی بەرێوبەرایەتی خۆسەر بەرزبووەوە، کە بەشێکیان زیاتر لە سەدا سەد بەرزبوونەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە چاوەڕواندەکرێت نرخی خزمەتگوزارییە وابەستە بە سووتەمەنیەکانی وەک گواستنەوە، کارەبا، مۆلیدە و فڕن بەرزببێتەوە.