وەزیری ناوخۆی هەرێم: نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێم دەمێننەوە

هەولێر- نۆرس پرێس

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ژمارەی ئاوارە و پەنابەرەکانی کە لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە نزیکەی یەک ملیۆن کەسە.

رۆژی پێنجشەممە 20ی تەموزی 2023، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە دووەمین كۆبوونەوەی بۆردی ھەرێمی كوردستان تایبەت بە جێبەجێكردنی بریاری 1325ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە (ژن و ئاشتی و ئاسایش) باسی ژمارە و کێشەکانی ئاوارە و پەنابەرەکانی هەرێمی کوردستانی کرد.

رێبەر ئەحمەد، لە وتارەکەیدا، رایگەیاند، “له شەڕی داعشدا ژمارەیەکی زۆر له ژنان به تایبەتی له قەزای شەنگال و دەشتی نەینەوا تووشی جینۆساید و گۆشەگیری و پێشێلکردنی مافەکانیان بوون، به داخەوه ژمارەیەکی زۆر له ژنانی رفێندراو و پیاوانی ئێزیدی رزگار نەکران سەرەرای هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ رزگارکردنیان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ژنە ئێزیدیانە کە لە دوای رفاندنیان منداڵیان بووە، نەیانتوانیوە وەک پێویست ئاگاداری منداڵەکانیان بن، ئاماژە بەوەشکرد، نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە و بەشێکی زۆری ئەوانیش ژن و منداڵن، و پێویستیان بە چاودێری زیاترە.

وەزیری ناوخۆی هەرێم، جەختیشیکردەوە کە هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی ناسەقامگیری ئابووری و داراییدا تێدەپەرێت، هەروەها کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە ئاوارە و پەنابەرەکان چارەسەر نەکراون.

سەبارەت بە پاڵپشتی رێکخراوەکان، وەزیری ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، “نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی خێرخواز و رێکخراوەکان رۆڵی کارایان هەبووە، بەڵام داوایان لێدەکەین هاوکاری زیاتر لەو بارەوە بکەن و زیاتر پاڵپشتی ئەنجومەنی باڵای ژنان لە هەرێمی کوردستان بکەن”.

بریارنامەی 1325ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2000، بریارنامەیەکی گرینگە کە داوای بەشداریکردن و نوێنەرایەتیکردنی ژنان دەکات لە پرۆسەی سیاسی و چارەسەرکردنی ململانێکان، پاراستنی ژنان و کچان لە توندوتیژی جێندەری، و پێشخستنی مافەکانی ژنان بەپێی یاسا نیشتمانییەکان، لەنێو برگە سەرەکییەکانی دیکەدا.