هەولێر- نۆرس پرێس
ئەمریکا بەنیازە لە 25ی تەمموزدا، پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا رابگەیەنێت کە بری 400 ملیۆن دۆلارە.
بەگوێرەی ئەوەی کە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، پاکێجی هاوکارییەکان کە بڕی 400 ملیۆن دۆلارە، بە شێوەیەکی سەرەکی لە تۆپخانە و مووشەکی بەرگری ئاسمانی و ئۆتۆمبێلی زەمینی پێکدێت.
هاوکارییە نوێیەکان لە کاتێکدایە کە ئۆکرانیا بەردەوامە لە هەوڵە هێرشبەرەکانی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی رووسیا، هاوتا لەگەڵ گرنگیدانی رووسیا لەسەر ناوچەی کەنار دەریاکانی وڵاتەکە لەگەڵ کشانەوەی هەفتەی رابردوو لە رێککەوتنی دانەوێڵە.
هەرچەندە لە سەرەتای ئەم مانگەدا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە تەقەمەنی کلاستەر بۆ ئۆکرانیا دابیندەکات، بەڵام ئەم پاکێجە ئەو تەقەمەنییانە ناگرێتەوە، بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا کە قسەیان لەگەڵ رۆیتەرز کردووە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، هێشتا پاکێجی هاوکارییەکان دادەرێژرێت و رەنگە گۆرانکاری بەسەردا بێت.
دوێنێ هەینی، جۆن کیربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، گوتی: “کە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی و بایدن هێشتا باس لە ئەگەری دابینکردنی مووشەکی دوور مەودای ATACMS لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ئۆکرانیا دەکەن.”
لە 19ی تەمموزدا ئەمریکا پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازی بە بڕی یەک ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکرانیا راگەیاند.