کۆنترین گوندی ناوچەی قامشلۆ تاوەکو ئێستا نەریتەکانی خۆی پاراستووە

دێرینترین گوندی ناوچەی قامشلۆ لە رۆژئاوایی کوردستان

قامشلۆ-نۆرس پرێس

بە دێرینترین گوندی ناوچەی قامشلۆ لە رۆژئاوایی کوردستان دادەنرێت، مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵی 1906 پێش زایین دەگەرێتەوە، خاوەنی مێژوو و کلتۆرێکی تایبەت بە خۆیەتی

گوندێ حلکۆ  کە دەکەوێتە باشوری شاری قامشلۆ، لە رۆژی دروستکردنی تاوەکو ئەمرۆ، نەریتی و فەرهەنگی خۆی پاراستووە.

ئەم گوندە لەلایەن کورد و عەرەبەوە دروستکراوە و لە رابردوودا هەردوو پێکهاتەکە بە یەکسانی پێکەوە دەژیان.

تاوەکو ئێستا، خانووەکانی گوندی حلکۆ ، خانووی کۆنن و دانیشتوانەکەی، ساڵ له دوای ساڵ خانووەکانیان دەپارێزن و بە هەمان شێوزی کۆن دەهێڵنەوە .

لەم گوندە دێرینەدا و بەگوێرەی کولتوری خۆیان، دراوسێکان وەک خێزانێک وان، زۆر جار لەبەردەم دەرگای ماڵەکانیان کۆدەبنەوە دەمە تەقێ دەکەن.

شێخموس عەلی نیشتەجێبوویەکی گوندی حلکۆ یە و تەمەن 65 ساڵە، بە نۆرس پرێسی گوت “ژیانی سادەی خۆمان خۆشدەوێت، بۆیە تاوەکو ئەمرۆش نەریتی خۆمان دەپارێزین، راستە لەم سەردەمەدا پەیوەندی کۆمەڵایەتی کەم بووتەوە، بەڵام لای ئێمە پەیوەندییە کۆمەڵایتیەکان شتێکی پیرۆز و گرنگە و پارێزراوە، بە یەکسانی پێکەوە دەژین.

شێخموس گوتی “لەو رۆژەوەی لە حلکۆ  لەدایک بووم، ئێمە و پێکهاتەی ئەرمەنی وەک برا پێکەوە بووین و تەنانەت پێش دەستپێکردنەوەی پرۆسەی کۆچکردن ژیانێکی خۆشمان پێکەوە هەبوو”.

هەروەها لە خۆشی و ناخۆشییەکانی یەکتردا وەک یەک خێزان بە ئەرکەکانمان هەستاین، رۆژ نەبوو لە بەر دەرگەی ماڵەکانمان دانەنیشن، تەمەتەقێمان دەکرد و چیرۆکی خۆشمان دەگێڕایەوە.

گوندنشینێک بە ناوی بەهیە حەسەن، کە تەمەنی 80 ساڵە، دەلێت، “لە کۆندا ژیانێکی باش و خۆشمان هەبوو، هەرچەندە ژیان و نەریتەکەمان پاراستووە، بەڵام سەختییەکانی ژیان زیادیان کردووە، لە رابردوو ژیان ئاسانتر بوو، چونکە هەموومان یەک دەست بوون لە نێوانماندا یارمەتی و هاوکاری هەبوو”.

بەهیە گوتی “بیرمە ئێمە و دراوسێکانمان پێکەوە کۆدەبووینەوە و پێکەوە نانی تەنورمان ئامادە دەکرد و هەروەها هەموو رۆژێک یارمەتی یەکترمان دەدا لە ئامادەکردنی خواردن، بەم شێوەیە کۆمەڵگاکەمان رێکدەخست و رۆژەکانمان بەسەردەبرد”.

لە کاتی ئاهەنگی هاوسەرگیریدا، خواردنمان بۆ هەموو دانیشتوانی گوندەکە ئامادە دەکرد و لەبەردەم ماڵەکانمان پێکەوە نانمان دەخوارد، ژیانێکی سادە و سروشتی و جوانمان هەبوو” .

نەسرین قادر